رووداو دیجیتاڵ
12مین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 61 ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، 1-3-2024 سندووقەکانی هەڵبژاردن بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدی دەکەن و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
هەروەها 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەری دەکەن.
٪12ـی بەربژێرەکان ژن و 88٪یان پیاون. ئەندامەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش 16 بەربژێر کێبڕکی لەسەر 10 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران دەکەن، لەو 10 کورسییانە، سێ کورسی لە ورمێ، دوو کورسی لە سنە، دوو کورسی لە کرماشان، دوو کورسی لە لۆرستان و کورسییەک لە پارێزگای ئیلامە.
ئەرکی ئەو ئەنجوومەنە بەپێی دەستووری ئێران، دیاریکردنی رێبەرە، کە باڵاترین پۆستە لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. هەروەها چاودێریکردنی و دوورخستنەوەیەتی.
هەروەها بەپێی دەستووری ئێران، لە ئەرکەکانی ئەنجوومەنەکەیە کە لە کاتی کۆچی دوایی رێبەر، دەستلەکارکێشانەوە یان لەدەستدانی مەرجەکان، کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی رێبەرێکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە دەستووری ئێراندا کۆمەڵێک مەرج بۆ رێبەر دانراون و ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە باڵایە هەڵدەبژێردرێت دەبێ ئەو مەرجانەی تێدابێت کە بریتین لە: ناوبانگی باش لە دینداری، متمانە و رەوشت، پلەی ئیجتیهادی هەبێ، هەبوونی تێڕوانینی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاشنابوون بە پرسە هەنووکەییەکان، بڕوابوون بە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەبوونی تۆماری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خراپ.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە لە 1218 بازنە بەڕێوەدەچێت کە بۆ یەکەم جار لە چوار بازنەی ئابادان، مەلایر، قوم و رەشت بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
بۆ بەڕێوەچوونی 12مین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دادەنرێت کە 44 هەزاریان بنکەی جێگیر و 15 هەزاریان بنکەی گەڕۆکن، هەروەها لەو ژمارەیە 35 هەزار بنکە لە شار و 24 هەزار بنکە لە گوند دەبێت.
كۆمیتەی هەڵبژاردنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، پێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە دەرەوەی وڵات ناکرێت و لە هیچ وڵاتێک ناوەندی دەنگدان دانانرێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 1،059 بەربژێر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 38 کورسی پەرلەمانی ئێران دەکەن کە پارێزگای ورمێ 12 کورسی، کرماشان 8 کورسی، سنە 6 کورسی، لۆرستان 7 کورسی و ئیلام 3 کورسی لە پەرلەمانی ئێراندا هەن.
هەروەها لە پارێزگای لۆرستان 295 بەربژێر، لە سنە 133، لە ورمێ 369، لە ئیلام 54 و لە کرماشان208 بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان رکابەریی یەکدی دەکەن.
بەرپرسە باڵاکانی ئێران لەم هەڵبژاردنەدا گرنگییەکی زۆریان داوە بە ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمین جار دەنگ دەدەن و بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، لە سەرانسەری ئەو وڵاتە زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە پارێزگای ورمێ، 151 هەزار کەس بۆ جاری یەکەم دەنگ دەدەن، هەروەها لە سنە هەشت هەزار کەس، لە لۆرستان 21 هەزار کەس، لە کرماشان 75 هەزار کەس و لە ئیلام 8 هەزار کەس بۆ یەکەمین جار دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن.
بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتی ئێران دا
لەو 15 هەزار و 200 بەربژێرەی پەرلەمانی ئێران تەنیا 12٪یان ژنن و هیچ کۆتایەکیش بۆ بەشداریی ژنان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا نییە.
نەبوونی کۆتا بۆ ژنان لە پەرلەمانی ئێران لەکاتێکدایە ژنان ناتوانن ببنە بەربژێر بۆ بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری.
بەشێک لە بەربژێرانی پەرلەمانی ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر کەمیی پۆستی باڵا لە دەستی ژنانی وڵاتەکەیان پێشان دەدەن.
عەفیفە عابدی، بەربژێری شاری تاران رایگەیاند، "بەشداریی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران زۆرە، چالاکی سیاسیشیان بەرزە، بەڵام پۆستی پلە باڵایان نییە و پۆستی وەک راوێژکار و جێگری وەزیر بۆ کاروباری ژنانیان هەیە. لە ئێراندا پیاوان بڕیار دەدەن، تەنانەت لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە."
مەترسی بەرزیی رێژەی بەشدارینەکردن
ئەو راپرسییانەی لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی هاووڵاتییان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران هەن مایەی دڵخۆشیی دەسەڵاتدارانی ئێران نین، بۆیە بەشێکیان لە گوتار و بڵاوکراوەکانیاندا هانی هاووڵاتییانیان دەدا بەشدارییەکی گەرموگوڕی هەڵبژاردن بکەن.
دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، "ئەگەر هەڵبژاردن لاواز بێت، هەموو لایەک زیانی پێ دەگات؛ کەس سوودی بەرناکەوێت. هەرکەس ئێران، گەلی خۆی و ئاسایشی خۆی خۆش دەوێت، دەبێت بزانێت ئەگەر هەڵبژاردن بە لاوازی بکرێت، کەس سوودمەند نابێت."
ئەو داواکارییەی بەرپرسانی ئێران بۆ بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەشێک لە بەربژێرانی خستووەتە گومانەوە. عەفیفە عابدی، دەڵێت، "دۆخێک هەیە کە بەداخەوە پێشبینی ناکرێت رێژەی بەشداری بەرز بێت، بەڵام دەکرێت لە کاژێرەکانی کۆتاییدا شتێک رووبدات و بەشداری بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیاد ببێت."
هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمان کە دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، تەنیا 42٪ـی خەڵک بەشدارییان تێدا کرد، ئەوەش کەمترین رێژەی بەشداری بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.
بە گوێرەی راپرسییەکی بڵاوکراوەی رۆژی چوارشەممەی ناوەندی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران، 41.5٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن.
هەروەها، راپرسییەکی هەمان رۆژی ناوەندی ئیسپاش دەڵێت، 38.5٪ خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ