رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی فەرمیی ئێران رایگەیاند، مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-3-2026، میدیای فەرمیی ئێران هەواڵی کوژرانی مەحموود ئەحمەدینەژادی پشتڕاستکردەوە و گوتی، لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڕەکی نارمەکی تاران کوژراوە.
بەڵام جگە لەو ئاژانسە، تاوەکو ئێستا هیچ میدیایەکی دیکەی ئێرانی هەواڵی کوژرانی ئەحمەدینەژادی بڵاونەکردووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ، مەحموود ئەحمەدینەژاد، بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە.
دوێنێ میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە نزیک ماڵی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە ناوچەی نارمەکی تاران.
مەحموود ئەحمەدینەژاد لە ساڵی 2005 بۆ 2013 سەرۆککۆماری ئێران بوو و بە یەکێک لە دژبەرانی ئیسرائیل دەناسرایەوە و ساڵی 2005 و لە کاتی سەرۆککۆماریدا گوتووبووی، دەبێت ئیسرائیل لەسەر زەوی بسڕدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ