رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامارەکان، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، 30 قوتابی و 7 مامۆستا گیانیان لەدەستداوە.
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران، ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و ئەندامانی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە تاران رایگەیاند، 21 کەس لەو قوتابیانە لە تاران کوژراون، هەروەها قوتابییەکیش بریندار بووە.
بە گوتەی وەزیری پەروەردەی ئێران، هەر لە ماوەی جەنگەکەدا حەوت مامۆستاش کوژراون.
عەلیڕەزا کازمی ئاماژە بە زیانی قوتابخانەکانیش دەکات و دەڵێت: "لە هێرشەکاندا و بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی تەقینەوەکان، 36 قوتابخانە زیانیان بەرکەوت و هەوڵدەدەین بە زووترین کات نۆژەنیان بکەینەوە."
وەزیری پەروەردەی ئێران دەشڵێت، لە وەزارەتی پەروەردەدا لیژنەی هاوئاهەنگی و کۆنترۆڵی دۆخی جەنگیان پێکهێناوە و بەوەش 14 لیژنەی لاوەکی چالاککراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارۆدۆخە تایبەتەکان.
رۆژی دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران نوێترین ئاماری قوربانییانی جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 935 کەس کوژراون، کە 79 کەسیان لە هێرشەکەی سەر گرتووخانەی ئێڤیندا لە باکووری تاران گیانیان لەدەستداوە.
ئەسغەر جەهانگیری هەروەها گوتی: "لە نێو کوژراوەکاندا 38 منداڵ و 102 ئافرەتیش هەن، کە هەندێکیان دووگیان بوون."
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایانگەیاندووە، زۆرترین قوربانی و بریندار لە پارێزگاکانی تاران و کرماشانن.
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ