رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئێران پێیوایە ئەو پێشنیازەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتەڕوو، "لەبەریەک هەڵوەشاو و ناجێگیرە."
کەناڵی سی ئێن ئێن لە سەرچاوەیەکی ئەمریکیی "ئاگادار"ـەوە دەڵێت، "وادیارە" ئەو گڕوتینەی لە دانوستاندنەکاندا هەبوو "لە رووخاندایە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە هیچ گەڕێکی دیکەی دانوستاندن نەکرێت.
ئەم رەشبینییەی هەردوولا پێچەوانەی ئەو گەشبینییەیە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چوارشەممەی رابردوو نیشانیدا، کاتێک گوتی ئیدارەکەی "زۆر نزیکە لە چارەسەر" بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
سی ئێن ئێن هەروەها باس لەوە دەکات، ئەمریکا لە پێشنیازە نوێیەکەیدا، هەڵوێستی خۆی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم گۆڕیوە.
بە گوێرەی راپۆرتی میدیاکە، واشنتن پێشنیازی کردووە، ئەمریکا وەبەرهێنان لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتیانەی ئێراندا بکات، هەروەها ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانییەک بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی بەرنامەکە، تاوەکو لە نێو ئێراندا یۆرانیۆم بە ئاستی نزم بپیتێنن بۆ ئەوەی تەنیا لە بەرهەمهێنانی کارەبا و مەبەستی دیکەی ئاشتیانەدا بەکاربهێنرێت. چاوەڕواندەکرێت وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە هاوپەیمانییەکەدا بەشدار بن.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا رەتیاندەکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بدەن لە نێو ئێراندا یۆرانیۆم بپیتێنرێت، بەڵکو داوایان دەکرد ئێران هەموو بنکەکانی پیتاندن بوەستێنێت و تەنیا لە دەرەوە یۆرانیۆم هاوردە بکات. تاران بە توندی ئەمەی رەت دەکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، "رێگەدان بە بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە نێو ئێراندا دەکرێت ئەو بەرپرسە ئەمریکی و ئیسرائیلییانە توڕە بکات کە هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئێران هەیە."
درەنگانی شەوی دووشەممە بە کاتی واشنتن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەکاتی هەولێر، ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی ترووس سۆشیاڵدا بە پیتی گەورە نووسیویەتی: "بە گوێرەی رێککەوتنی چاوەڕوانکراومان، ئێمە رێگە بە پیتاندنی هیچ یۆرانیۆمێک نادەین."
بەرپرسانی ئێرانی پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاران کێشەی لەگەڵ بیرۆکەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی پیتاندنەکەدا نییە، بەڵام بەو مەرجەی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بمێننەوە.
ئەو "بەرپرسە باڵا"یەی کە قسەی کەناڵە ئەمریکییەکە کردووە، پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی: "پێشنیازەکە زۆر ناڕاستەقینەیە و داوکارییەکانی لەتوانابەدەر و لەڕادەبەدەرن."
بەرپرسەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم رێککەوتن، "ناجێگیری"ی هەڵوێستی واشنتنە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسەکە دەڵێت: "ئەمریکا بەردەوام هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و تاوەکو ئێستا ئەوە بەربەستی سەرەکیی بووە لە بەردەم سەرکەوتنی دانوستاندنەکان و ئێستاش وا خەریکە کارەکە زیاتر لە هەموو کاتێک زەحمەتتر دەکات."
بەرپرسەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، پێشنیازەکە پێچەوانەی لێکگەیشتنەکانی پێشووی نێوان تاران و واشنتنە. هەروەها جەختیکردووەتەوە کە ئێران ئامادە نییە هیچ سازشێک لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بکات.
23ی ئایار، ئێران و ئەمریکا پێنجەم گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما تەواو کرد و رایانگەیاند کە "لە داهاتوویەکی نزیکدا" دەست بە گەڕی شەشەم دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.
سی ئێن ئێن دەڵێت، سەرچاوە ئاگادارەکان پێیانوایە "ئەگەری گەڕێکی دیکەی دانوستاندن زۆر کەمە و رەنگە هەر نەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ