حکومەتی ئێران بڕی قەرزی بانکیی هاوژینی زیاد دەکات

03-11-2025
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، بڕی قەرزی بانکیی هاوژینی لە ساڵی داهاتوودا زیاتر دەکرێ.
 
بێهروز موحیبی نەجمئابادی، ئەندامی لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بڕی قەرزی بانکیی هاوژینی لە ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی رێژەی هەڵاوسان کە 40٪ـە زیاد دەکرێ و دەکرێتە 420 ملیۆن تمەن.
 
ئەم ساڵ حکومەتی ئێران بەپێی ئاستی تەمەن، 300 بۆ 350 تمەن قەرزی بانکی دەداتە ئەو گەنجانەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، قەرزی هاوژینی و منداڵبوون دەبێ ساڵانە بەپێی رێژەی هەڵاوسان بگۆڕدرێ. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر پەلە نەکرێ لە پێدانی قەرزەکە، تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەی ئەو هاوژینانەی ناویان تۆماردەکرێ و رێوشوێنەکانی وەرگرتنی قەرزی بانکی تەواو دەکەن، بەڵام هێشتا قەرزەکەیان پێنەدراوە، دەگاتە 700 هەزار کەس.
 
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵی هەتاویدا قەرزی هاوژینی دراوە بە 290 هەزار کەس.
 
ئەمیرحوسێن بانکیپوور، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێ، بەهۆی کەمتەرخەمیی بانکەکان لە پێدانی قەرزی هاوژینی و منداڵبوون، دەڵاڵەکان مافی وەرگرتنی قەرزەکە بە پارەیەکی کەم لە خەڵکی ئاسایی دەکڕنەوە و خۆیان لە بانک قەرزەکە وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە