رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ناونووسین بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، پێنج رۆژ تاوەکو ئێوارەی دووشەممە بەردەوام بوو لە ناونووسین و لە سەردانی زیاتر لە 280 کەس بۆ ئەو ناوەندە، 80 کەسیان ناویان تۆمار کرا. لە بەیانیی سێشەممەوە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش دەستی بە تاوتوێکردنی شیاوبوونی بەربژێرەکان کردووە و دەبێت لانیکەم لە پێنج رۆژدا شیاوبوونیان رابگەیێنێت.
تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەڵێت، "دۆسیەی هەموو ئەو 80 کەسەمان لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە کە ناویان نووسیوە. کاتی پێنج رۆژەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بۆ لێکۆڵینەوە لە شیاوێتیی هەر 80 کەسەکە لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و یەکەمین کۆبوونەوەشمان سەبارەت بەو بابەتە، بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە) بوو. کۆبوونەوەکانمان لەسەر یەک دەبێت. بەپێی دەستوور کاتێکی پێنج رۆژەمان بۆ دیاریکراوە و ئەگەر لەو کاتەدا پێڕانەگەین، پێنج رۆژی دیکە درێژی دەکەینەوە."
لە ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران لە هەموو جۆرە لایەنێکی سیاسیی ئەو وڵاتە ئامادەبوون بۆ ناونووسین. لە سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆککۆماری پێشوو و پێشووتر، تاوەکو سەرۆکی پەرلەمانەکانی چەند خولی ئێران؛ بەڵام ئەوەی لە میدیاکاندا کاردانەوەی زۆری هەبوو، رێژەی ناونووسینی لایەنی نەریتخواز بوو بەراورد بە لایەنەکانی دیکە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ لەو 80 کەسە 65 کەسیان نەریتخواز، 9 کەسیان ریفۆرمخواز، 5 کەسیان سەربەخۆ و یەک کەسیشیان میانەڕۆ بوون.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور دەڵێت، بەبێ گوێدانە لایەنگریی سیاسیی کەسەکان و بەپێی دەستووری ئێران، لێکۆڵینەوەکانی دەستپێدەکات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆککۆمار دەبێت لەنێو کەسایەتیی سیاسی مەزهەبییەکانی وڵاتدا بێت کە هەندێک مەرجی تایبەتی هەیە. لەوانە، دەبێت ئێرانی و پێڕەوی ئێران بێت، بەڕێوەبەر و زانا بێت، کاری باشەی کردبێت و ئیماندار و لەخواترس بێت و پابەندی ئایینی فەرمیی ئێران بێت. ئەمانە هەندێک لەو مەرجانەن کە لە دەستووردا بۆ ئەو پۆستە جەختی لەسەر کراوەتەوە و ئێمەش هەوڵدەدەین ئەو خاڵانە بە باشی لەبەرچاو بگرین."
لە میدیاکانی ئێراندا باس لەوە دەکرا جێگری ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێرانیش ناوی خۆی بنووسێت، بەڵام ئەوە رووینەدا و لەبری ئەو پێنج وەزیری کابینەکەی رەئیسی لەوانە بوون لە ناوەندی هەڵبژاردن ئامادە بوون. سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت؛ نەک تەنیا ئەو پێنج وەزیرە، بەڵکو ئەوانەش کە درێژەدانی رێگەی رەئیسییان بەلاوە گرنگە، پێویستە لێکنزیک ببنەوە.
غوڵامحوسێن ئیسماعیلی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "هەرچەندە سەرۆککۆمار بە دەنگی زیاترەوە هەڵبژێردرێت، باشترە. هیوادارین نەک هەر هاوکارانی خۆمان، بەڵکو هەموو ئەوانەی دەیانەوێت رەوتی شەهید رەئیسی بەردەوام بێت، لەم پرۆسەدا لێکنزیک ببنەوە؛ چونکە کاتێکی زۆر کەممان لەبەردەم بوو و نەمانتوانی زۆر بە باشی هاوئاهەنگ بین. لەدوای ناونووسین کە کاتێکی گونجاوترمان لەبەردەمە، هەوڵدەدەین کەسایەتییەکان زیاتر لێک نزیک ببنەوە بۆ درێژەدان بەو رەوتە."
بەگوێرەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لەدوای پەسندبوونی شیاوێتی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری لە پێنج تاوەکو 10 رۆژی دیکەدا، لانیکەم دوو هەفتە کات لەبەردەم بەربژێرەکان دەبێت بۆ بانگەشە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 28ی ئەم مانگەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ