رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئازەربایجان و دەڵێت، لەو بارەوە بەدواداچوون دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکان لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی نەخچەوان کراون. باکۆ بە تووندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "ئازەربایجان مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی بۆ خۆی پاراستووە."
هەر ئەمڕۆ کازم غەریبئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، رەی کردەوە هێرشەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیەوە کرابێت.
غەریبئابادی جەختی لەوە کردەوە کە ''ئێران وڵاتانی دراوسێی خۆی ناکاتە ئامانج و پێویستە لەبارەی رووداوەکەوە لێکۆڵینەوە بکرێت.''
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان بە تەلەفۆن قسەیان کرد و ''هەڵدانی هەر تەنێک لە لایەن ئێرانەوە''ـی بۆ خاکی ئازەربایجانی رەتکردەوە و گوتی: ''هێزە چەکدارەکانمان لەوبارەوە سەرقاڵی بەدواداچوونی پێویستن.''
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەمە یەکەم جارە هێرش دەکرێتە سەر ئازەربایجان.
گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی (ئەمریکا و ئیسرائیل) گەیشتووەتە لووتکە. پێشتریش تورکیا رایگەیاندبوو کە مووشەکێکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێکشکێندراوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی جەنگەکەیە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ