شارەوانی تاران: 81 وێستگەی میترۆ وەک پەناگە بەکاردەهێنین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێ، تاوەکو ئیستا ئەمریکا و ئیسرائیل 220 شوێنیان لە شارەکە کردووەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 81 وێستگەی میترۆ وەک پەناگەی جەنگ بەکاردەهێنن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-03-2026، عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانی تاران هەندێک ئاماری تایبەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر شارەکە خستەڕوو و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هێرشکراوەتە سەر 220 شوێن لە تاران.
 
بەگوتەی عەلیڕەزا زاکانی، بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی جەنگ، 81 وێستگەی میترۆیان لە تاران، وەک پەناگە دیاری کردووە.
 
وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر هێرش دەکەن سەر شوێنی مەدەنی، ''بۆیە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان دەخەینەگەر.
 
هەر ئەمڕۆ مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە هێرشکراوەتە سەر زیاتر لە 3500  یەکەی نیشتەجێبوون و زیاتر لە 500 یەکەی بازرگانیش لە وڵاتەکە بە تەواوی خاپوور کراون.
 
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە. ئەم هێرشانە تەنیا بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای ئێران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە.
 
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە