رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری روباتکەریمی سەر بە پارێزگای تاران پشتڕاستی کردەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شارەکە، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 56ـی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی پێنجشەممە، 05-03-2026، رەزا ئاغا عەلیخانی، قایمقامی روباتکەریمی سەر بە پارێزگای تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شارەکە، سێ هاووڵاتی کوژران کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن یەک ساڵانە.
بەگوتەی رەزا ئاغا عەلیخانی، بۆردوومانەکە لە نزیک قوتابخانە و نانەواخانەیەک کراوە و زیانی زۆری بە خانووی هاووڵاتییانیش گەیاندووە.
وەک قایمقامی روباتکەریم گوتی، لە هێرشەکەدا 56 کەسی دیکە بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە کە زۆرترینیان بۆ سەر تاران بووە.
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ