مانگی سووری ئێران: جەنگ زیانی بە زیاتر لە 3500 یەکەی نیشتەجێبوون گەیاندووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەوە هێرشکراوەتە سەر زیاتر لە 3500  یەکەی نیشتەجێبوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 500 یەکەی بازرگانیش بە تەواوی خاپوور بوون.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-03-2026، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران دوایین ئاماری زیانەکانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئیران راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە ماوەی شەس رۆژی جەنگدا، زیان بەر 3646 یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووە.
 
وەک پیرحوسێن کۆلیوەند گوتی، هەر لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشەکانەوە، 528 یەکەی بازرگانیش بە تەواوی خاپوور کراون.
 
هاوکات سەرۆکی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئیستا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشکراوەتە سەر 14 ناوەندی تەندروستی، لەوانەش سێ نەخۆشخانە بە تەواوای لە کار کەوتوون.
 
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە. ئەم هێرشانە تەنیا بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای ئێران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە.
 
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە