سوپای پاسداران: بە مووشەکی خوڕەمشەهر 4 لە ئیسرائیلمان دا

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای پاسداران دەڵێ، لە دوایین هێرشیاندا بۆ سەر ئیسرائیل مووشەکی هایپێرسۆنیکی خوڕەمشەهر 4ـیان بەکارهێناوە کە توانای هەڵگرتنی یەک تۆن تەقەمەنی هەیە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-05-2026، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، لە شەپۆلی 19ـیەمی ئۆپەراسیۆنی (بەڵین راست 4)ـدا بە مووشەکی خوڕەمشەهر 4 هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لەنێو خاکی ئیسرائیل.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو هێرشەدا ناوەندی تەلئەڤیئڤ، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و بنەی فڕۆکەوانیی27ـی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرەتا هێرشەکەیان بە پێشڕەویی درۆن دەستیپێکردووە و دواتر مووشەکەکانی خوڕەمشەهر 4 کە خێراییان دوو هێندەی خێرایی دەنگە و توانای هەڵگرتنی یەک تۆن تەقەمەنییان هەیە، ئامانجەکانیان لە ئیسرائیلدا پێکاون.
 
 
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە. ئەم هێرشانە تەنیا بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای ئێران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە.
 
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە