رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ئەگەری هێرشی زەوینی، هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێ، دزەکردنیان بە خاکی وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی کوژران و بەدیلگرتنی هەزاران سەربازی ئەمریکی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-03-2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ئێکس پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەمریکا و نەیارانی وڵاتەکەی کرد.
لە پەیامەکەی لاریجانیدا هاتووە، ''هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی گوتوویانە کە نیازی هاتنی زەوینییان بۆ نێو خاکی ئێران هەیە، بەڵام رۆڵە جەنگاوەرەکانی ئیمام خومەینی و ئیمام خامنەیی (رێبەرانی کۆچکردووی ئێران) چاوەڕێتانن، تاوەکو ئەو بەرپرسە خراپەکارە ئەمریکییانە چەندین هەزار کوژراو و دیل بدەن.''
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، ''خاکی ئێران جێگەی خۆدەرخستن (سەماکردن)ی دۆزەخییەکان نییە."
پەیامەکەی لاریجانی لەکاتێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە، بژاردەی هێرشی زەوینییان بۆ سەر ئێران رەتنەکردووەتەوە.
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە. ئەم هێرشانە تەنیا بنکە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو بوونەتە هۆی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای ئێران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە.
لەبەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ