رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا رێککەوتننامەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی واژۆ دەکەن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمڕۆ راگەیێندراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیای فیدراڵمان بۆ کەمکردنەوەی هەوڵە تاکلایەنەکانی ئەمریکا و بۆ بەرەنگابوونەوەی تاکلایەنگەرایی لە مۆسکۆ واژۆ کرد. خوشحاڵم کە هەمیشە لە دیپلۆماسی رێبەرانی دوو وڵاتی ئێران و رووسیادا قازانجمان کردووە."
ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا گەمارۆی زۆریان بەسەر ئێران و رووسیادا سەپاندووە، بەڵام دۆخی ئێران ناسکترە، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکان پەیوەندییەکانی بەلای وڵاتانی رۆژهەڵاتیدا شکاندووەتەوە؛ بابەتێک کە زۆر کەس پێیان وایە رووسیا لەجیاتی هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران، ساڵانێکە ئەو وڵاتە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە هەموو بوارە سەرەکییەکاندا لە پەرەسەندندایە. رێککەوتنێکمان لە پەیوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی گەمارۆ تاکلایەنەکان واژۆ کرد. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یەکبخات."
بەشێک لە گەمارۆکانی ئێران پەیوەندییان بە جەنگی ئۆکرایناوە هەیە. ئۆکراینا و ئەمریکا، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی درۆن بە رووسیا دەدات بۆئەوەی لە جەنگەکەدا بەکاریان بهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەبوونی رۆژئاواییەکان.
ئێران رەتیدەکاتەوە لەکاتی ئەم جەنگەدا درۆنی بە رووسیا فرۆشتبێت. تاران، مۆسکۆ بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، بەڵام ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان ساڵانە کەمتر لە 5 ملیار دۆلارە، کە زۆر کەمترە لە وڵاتانێکی وەکو تورکیا.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، کاری رووسیا بۆ هاوکاریکردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکان، جێی رەزامەندییە؛ بەڵام لە ماوەی جەنگی ئۆکراینادا، رووسیا بۆئەوەی باز بەسەر گەمارۆکانی رۆژئاوادا بدات، نەوتی بە نرخی زۆر هەرزانتر خستە بازاڕەوە و ئەمەش بە زیانی ئێران شکایەوە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 07-12-2023 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی رووسیا بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبێتەوە؛ مژاری کۆبوونەوەکانیش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و جەنگی گرووپە فەلەستینییەکان و ئیسرائیل دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ