کچە سزادراوێکی رۆژهەڵاتی کوردستان: وێنەی خۆم دوای سزادان بڵاو نەکردووەتەوە

07-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆیا حشمەتی، کچێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەبەر پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، بە لێدانی قامچی سزا درا، خۆی دەڵێت، "وێنەیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە ئەوە کە قامچیی لێدراوە، بەڵام ئەو وێنەیە ئەو نییە."
 
رۆیا حشمەتی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا لە پۆستێکدا رایگەیاندووە، هیچ وێنەیەکی جەستەی خۆی بڵاونەکردووەتەوە و دەڵێت، "پێم باشە بۆ گێڕانەوەی [ئەو شتەی بەسەرمدا هاتووە]، کەڵک لە شێوازی دیکە وەربگرم."
 
رۆیا حیشمەتی، خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، رۆژی 03-01-2024 بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی ناچاری، لە یەکێک لە لقەکانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە تاران 74 قامچیی لێدرا.
 
رۆیا وێنەیەکی خۆی بڵاوکردبووەوە کە تەنوورەیەکی مامناوەند کورتی لەبەردایە و لەچکی بەسەریدا نەداوە.
 
بە گوتەی مازیار تاتایی، پارێزەری رۆیا حشمەتی، رۆیا رۆژی 21-04-2023 لە تاران دەستبەسەر کرا و 11 رۆژ لە زینداندا بوو. دواتر بە 13 ساڵ و 9 مانگ زیندانیکردن، 11 ملیۆن و 250 هەزار تمەن سزای نەخت و 148 قامچی حوکم درا، بەڵام دواتر ناڕەزایی لە دژی حوکمەکە دەربڕی و سزاکەی بۆ یەک ملیۆن و 250 هەزار تمەن و 74 قامچی کەم کرایەوە.
 
ماڵپەڕی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، پشتڕاستی کردەوە، رۆیا حشمەتی قامچیی لێدرابێت و گوتی، ئەو سزایە بەپێی یاسا بووە و گوتوویەتی رۆیا حشمەتی "بە دۆخێکی زۆر ناحەزەوە لە شەقامەکانی تاراندا پیاسەی کردووە."
 
رۆیا حشمەتی دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چیرۆکی ئەو رۆژەی باسکرد کە قامچیی لێدراوە. ئەو دەڵێت، "کە لە دەرگای دادگەوە چووینە ژوورەوە سەرپۆشەکەم لابرد. پارێزەرەکەم گوتی، رۆیا گیان دیسان بیری لێ بکەوە. ئاسەواری قامچییەکە تاوەکو ماوەیەک هەر دەمێنێتەوە. چووینە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکان. فەرمانبەرەکە گوتی، سەرپۆشەکەت بەسەردا بدە بۆئەوەی کێشەیەک روونەدات. ئارام و بە رێزەوە پێم گوت، من هەر بەم بۆنەیەوە هاتووم قامچیم لێ بدەن، سەرپۆش نادەم بەسەردا."
 
رۆیا حشمەتی هەروەها دەڵێت، "چوومە ژووری لێدانی قامچی، ئەو کەسەی سزاکەی جێبەجێ دەکرد گوتی، کۆتەکەت دەربێنە و لەسەر قەرەوێڵەکە راکشێ. کۆت و سەرپۆشەکەم لەسەر کۆڵەکەی شوێنی قامچی لێدانەکە هەڵواسی. قامچی وەشێن گوتی سەرپۆشەکەت بەسەر پرچتدا بدە، رەتمکردەوە. لەسەر قەرەوێڵەکە راکشام. ژنێک لەوێ بوو، گوتی، تکایە لاساری مەکە. ئیدی سەرپۆشەکەی هێنا و بە سەرمیدا دا."
 
ئەو کچە کوردەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیگێڕێتەوە، "قامچی وەشێن قامچییەکی چەرمی هێنا و دادوەر گوتی زۆر تووندی لێ مەدە، پیاوەکە دەستی بە لێدان کرد. شانم، پشتم، سمتم، رانم، قاچەکانم و ئەژنۆکانم، بەڵام من نەمژمارد چەند قامچی بوو." دەشڵێت، "دوای لێدانی قامچییەکان بردیانم بۆ لای دادوەر و دادوەر گوتی دەبێت پابەندی یاسا بیت. منیش گوتم، با یاسا کاری خۆی بکات، ئێمە درێژە بە بەرەنگاریمان دەدەین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە