تاران بە خەستی و سەختی بۆمباران دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەشتەم رۆژی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، تاران لەژێر بۆردوومانێکی خەست دایە و لە 24 کاژێردا دەیان هێرشی سەخت کراونەتە سەر پایتەختی ئێران.
 
دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران، ناوی ئەو شوێنانەی بۆردوومان دەکرێن و ژمارەی قوربانیان بڵاوناکەنەوە، بەڵام دانیشتووانی شارەکان خۆیان ڤیدیۆی بۆردوومانەکان دەگرن و زانیاری لەبارەی ئەو شوێنانە بڵاودەکەنەوە کە بۆردوومان دەکرێن.
 
تاران و دەوروبەری
 
لە بەرەبەیانی شەممە 7ی ئاداری 2026ەوە، بەردەوام فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی تاران دا سووڕانەوە و هەندێک جار بە مووشەکیش، هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان و ئامانجەکانی دیکە لە پایتەختی ئێران.
 
 
شەوی شەممە، پاڵاوگەی (باقرشەهر) لە باشووری تاران و چەندین ئامانج لە گەڕەکەکانی (تێهرانسەر، جەیحون، هاشمی، ئازادی) بۆردوومان کران.
 
 
دانیشتوویەکی تاران شەوی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئێوارەی هەینییەوە بەردەوام بە فڕۆکە و مووشەک هێرشکراوەتە سەر شوێنە جیاجیاکانی نێو شاری تاران." هەروەها گوتی، "لە سەرەتای شەڕەوە، هیچ کات وەکو ئەم 24 کاژێرە تاران و دەوروبەرەکەی نەکراوەتە ئامانج."
 
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، بنکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، کۆمەڵگەی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێکباتان، کۆمەڵگەی پیشەسازیی ئیستقلال، بنکەیەکی بەسیج لە شەقامی کاشان، بنکەی فڕۆکەوانیی هێزی پیادەی ئەرتەش لە گەڕەکی کوهەک، کۆمەڵگە سەربازی و پیشەسازییە سەربازییەکان لە ناوچەی (پارچین)ـی باشووری رۆژهەڵاتی تاران و چەندین ئامانج لە گەڕەکەکانی (مەرزداران، شارەکی راه‌ ئاهەن، ئابشار، گۆڕەپانی حوڕ، شەقامی سپەهـ، بەرزاییەکانی ناوچەی 22 و سەرووی چیتگەر، تێهرانسەر، نازی ئاباد) بۆردوومان کران.
 
 
لە شارەکانی دەوروبەری تاران، فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری پاکدەشت، فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری وەرامین، بنکەیەکی سوپای پاسداران لە شارۆچکەی (قەرچەک) سەر بە شاری وەرامین، فەرماندەیی سوپای پاسداران و بنکەیەکی پۆلیس لە ئیسلامشەهر کرانە ئامانج. ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی پارێزگای تاران لە شاری وەرامینە.
 
جگە لە تاران، رۆژی شەممە لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لانیکەم هەشت پارێزگای دیکەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی تووند و فروانیان ئەنجامدان.
 
لە پارێزگای ئیسفەهان، گەڕەکی (سپاهانشەهر) لە باشووری رۆژئاوا و باڵەخانەیەک لە گۆڕەپانی (فەیز)ی لەنێو شاری ئیسفەهان، بنکەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە مەرداویج، سەربازگەی ئیمام عەلی لە (نەجەف‌ئاباد) و بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە (هومایونشەهر) و چەند ئامانج لە نزیک سایلۆی شاری بەهارستانی پارێزگاکە بۆردوومان کران. بنکەیەکی مووشەکیی سوپای پاسداران لەنێو سەربازگەی نەجەف ئابادی ئیسفەهان دایە.
 
هەروەها لە پارێزگای بووشێهر لە باشووری ئێران، بنکەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە نزیک شاری بووشێهر و ناوچەی نایبەند لە شاری عەسەلویە بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج. هەروەها لە شاری جەمی ئەو پارێزگایە، دووجار هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی کە شوێنی هەڵدانی مووشەک بووە.
 
 
لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، سێ ئامانج لە دەوروبەری شاری تەورێز و فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری مەلکان بۆردوومان کران.
 
لە نزیک شاری زەنجانیش، سیستمی بەرگری ئاسمانی لە (سەربازگەی ئەنسارولمەهدی) بۆردوومان کرا.
 
لە پارێزگای هورموزگان، فڕۆکەخانەی کیش بۆ چەندەمین جار دوای دەستپێکردنی شەڕ بۆردوومان کرایەوە و بنکەی سەربازیی سوپای پاسداران لە شاری بەستەک لە رۆژئاوای پارێزگاکە چەندجار کرایە ئامانج. دوو جاریش هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە بەندەر عەباس.
 
رۆژی شەممە (سەربازگەی لەشکری 16) هێزی پیادەی ئەرتەشیش لە قەراخ شاری قەزوێن بۆردوومان کرا.
 
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای هەمەدان لەنێو شاری هەمەدانیش بۆردوومان کرا و بەپێی ڤیدیۆکان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی نێو فەرماندەییەکە بوونەتە قوربانی.
 
لە شاری یەزد، بارەگای (تیپی ئەلغەدیر) لە نزیک پارکی (کوهستان)ـی ئەو شارە جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە. لە رۆژانی رابردووشدا ئەو شوێنە چەند جار بۆردوومان کرابوو. هەروەها هێرشکرایە سەر بنکەیەکی گەڕۆکی هەڵدانی مووشەک لە کۆمەڵگەی پێشەسازیی (جەهان ئەلکتریک) لە شاری یەزد.
 
"تۆمارنەکردنی ڤیدیۆی هێزەکانی ئێران و شوێنی بۆردوومانەکان"
 
پۆلیسی ئێران رۆژی شەممە کورتەنامەیەکی بۆ خەڵک ناردووە و تێیدا لەبارەی ناردنی زانیاری و وێنەگرتن لەبارەی شوێنی نیشتەجێکردنی هێزەکانی ئێران هۆشداری دەدات و ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن بە "بەکرێگیراوی دووژمن" دەناسێنێت. ئەو کورتە نامەیە دوای ئەوە نێردراوە، کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو شوێنانەش دەکەنە ئامانج کە بە فەرمی شوێنی سەربازی و ئەمنی نین، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕ، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەکاریان دەهێنن و لێیان دەمێننەوە.
 
دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیش بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی قەدەخەکردووە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج. ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، هەموو میدیا و پەیج و کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادارکراونەتەوە، زانیاری و وێنە و ڤیدیۆ بڵاونەکەنەوە. دەشڵێت، "ئەو کارە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران"ـە.
 
هەروەها پێشتریش سوپای ئیسرائیل وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی شوێنە لێدراوەکان لەلایەن موشەک و درۆنەکانی ئێرانی لە ئیسرائیل قەدەخەکرد.
 
پەیامی جیاواز لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ناوچە
 
بەیانیی رۆژی شەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێبەریی کاتیی ئێران دا بڕیاردراوە، چیدیکە هێزەکانی ئێران هێرش نەکەنەسەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچە.
 
دوای قسەکانی پزیشکییان، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کە ئەندامی ئەنجوومەنی رێبەریی کاتییە رایانگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچە بەردەوام دەبن، ئەگەر بەکاربهێندرێن بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
 
غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەریی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و یەکێک لە سێ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی رێبەریی ئێران دەڵێت، هێرش دەکەنەوە سەر هەموو ئەو شوێنانەی لەوێوە، هێرش دەکرێتە سەر ئێران.
 
گوتەبێژی قەراگەی (خاتەمولئەنبیا)ـش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل نەرمی نانوێنن و هەر وڵاتێک بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بنکەکانی نێو ئەو وڵاتە دەکەنەوە ئامانج. ئیبراهیم زولفەقاری دەشڵێت، هێرش ناکەنە سەر ئەو وڵاتانەی رێگەیان نەداوە ئەمریکا و ئیسرائیل زەوی، دەریا و ئاسمانیان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
 
بە گوتەی گوتەبێژی (قەرارگەی خاتەمولئەنبیا)، رۆژی شەممەش لە وڵاتانی ناوچەکە، چەند بنکەی ئەمریکایان بۆردوومان کردووە.
 
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، بەرزترین بڕیارگەی سەربازییە لە ئێران و بەرپرسە لە داڕشتنی پلان، هاوئاهەنگی و چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنی هێزە جیاوازە سەربازییەکان لەو وڵاتەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە