ئێران دەنگۆی دەرکردنی دیپلۆماتەکانی لە قەتەر رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەبەرد حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، حکومەتی قەتەر داوای لە دیپلۆماتکارانی ئێرانی کردبێت وڵاتەکە جێبهێڵن.
 
باڵیۆزخانەی ئێران لە قەتەر، لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن حکومەتی قەتەر یەک هەفتە مۆڵەتی دابێتە ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئێران بۆ جێهێشتنی وڵاتەکە، بە تەواوی بێ بنەما و دوورن لە راستییەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئێراندا هاتووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بە ئامانجی "دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو رای گشتی و تێکدانی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان تاران و دۆحە"یە.
 
ئەم روونکردنەوەیەی باڵیۆزخانەی ئێران لە کاتێکدایە، لە چەند کاژێری رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، قەتەر داوای لە تیمی دیپلۆماسیی ئێران کردووە خاکەکەی بەجێبهێڵن، بەڵام تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بەردەوامە و ئاساییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە