رووداو دیجیتاڵ
ئێران رەتی دەکاتەوە وزەی ئەتۆم بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای سەربازی بەکاربهێنێت و دەڵێت، "بەڵگەمان لەبەردەستە سەرچاوەی ئەو گەردیلە مەترسیدارانەی لە بنکە ئەتۆمییەکاندا دۆزراونەتەوە، خراپەکاری و کاری دووژمنکارانە بووە."
ئەمڕۆ شەممە 07-06-2025 کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی راپۆرتەکەی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڵاوکردەوە، کە 31ی ئایار سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، رادەستی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردبوو.
لە راگەیێندراوەکەی ئێراندا هاتووە، "بەگوێرەی بڕیارنامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (NPT)، پیتاندنی یۆرانیۆم 60% قەدەخە نییە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش لەژێر چاودێری و پشکنینی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، "نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لە راپۆرتەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لەسەر بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بە مەبەستی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە، دووبارە ئاشتیخوازانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێمە دەسەلمێنێت."
رۆژی 31-05-2025 راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە، تێیدا باس لەوە کرا، ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێندراوە، ئەوەش مایەی "نیگەرانیی جیدی"یە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تەنیا وڵاتە کە خاوەن چەکی ئەتۆم نییە و یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60%ی هەیە.
ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، "هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتەیە نییە کە وزەی ئەتۆم لە ئێران بۆ پەرەپێدانی توانای سەربازی یان دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێندرێت."
ئێران لە راگەیێندراوەکەدا داوا دەکات، بەدواداچوونی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە، بەگوێرەی سەرچاوەی متمانەپێکراو بێت، "نەوەک بە پشتبەستن بە زانیاریی ناڕاست کە لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئازاد یان لایەنی سێیەمی ناسراوی ئاژانس وەرگیراون."
لە راپۆرتەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا هۆشداری لەوەش دراوە کە لەکاتی پشکنینی بەشێکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "گەردیلەی مەترسیدار" دۆزراونەتەوە. ئێران ئەوە رەت ناکاتەوە و دەڵێت، "ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان داوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئەو گەردیلە مەترسیدارانە ئاشکرا بکەین کە لە بنکە ئەتۆمییەکانماندا دۆزراونەتەوە."
بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ لایەن و وڵاتێک لە راگەیێندراوەکەی ئێراندا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکە هەندێک بەڵگەیان دەستکەوتووە کە پشتڕاستی دەکەنەوە، "خراپەکاری یان کاری دووژمنکارانە" هۆکاری هەبوونی ئەو گەردیلە "زۆر مەترسیدارانەن" لە بنکە ئەتۆمییەکاندا.
لەو کاتەوەی ئێران لە ساڵی 2022 پشکنینەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردووە و ئامێرە سەرەکییەکانی چاودێریکردنی پڕۆسەکەی داخستووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر لە چاودێریکردنی پرۆگرامەکە بووەتەوە.
بڕیارە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاستی پابەندبوونی ئێران.
وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام لە ئەگەری سنووردارنەکردنی پرۆگرامەکە، هەڕەشەی بۆردوومانکردن لە ئێران دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ