رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، تاران نایەوێ شەڕ دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و هەڵگیرساندنی شەڕ دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە مەسعود پزیشکیان لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ئێران بە دوای ئاشتییەوەیە، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو هەوڵی ئاڵۆزکردنی ناوچەکە و نانەوەی پشێوی دەدات و لە ساڵی 1992ـەوەوە دەیەوێ سەرۆکەکانی ئەمریکا قبووڵی بکەن، بۆیە دەڵێت ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆم دەدات.
مەسعود پزیشکیان پێیوایە دۆناڵد ترەمپ دەتوانێ لەنێوان ئاشتی یان شەڕ یەکێکیان هەڵبژێرێت.
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، شاندی ئەمریکی بە ئێرانیان راگەیاندووە تاوەکو واشنتن رەزامەندی دەرنەبڕێت، ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر ئێران.
پزیشکیان ئاماژە بەوە دەدات، ئامادەن لەبارەی چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیان گفتوگۆ بکەن و رێگە بە بەردەوامی چاودێریییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدەن، بەڵام پێش ئەوە دەبێ بزانن ئاستی زەرەر و زیانی بنکە ئەتۆمییەکانیان چەند بووە.
سەرۆککۆماری ئێران دانی بەوە دانا بەهۆی هێرشی ئەمریکا، کەرەستە و ژێرخانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان زیانی زۆری پێگەیشتووە.
سەرۆککۆماری ئێران رەتیدەکاتەوە هەوڵی کوشتنی ترەمپ بدەن. دەشڵێت، ئیسرائیل هەوڵیداوە خۆی بکوژێت، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ