رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەواڵی راگەیاندنە خۆجێییەکانی پارێزگای ئیلام، لە نیوەشەوی رابردووەوە دەروازەی سنووریی شاری مێران داخراوە و لایەنی عێراقی رێگە نادات گەشتیاران هاتووچۆ بکەن.
بەپێی ئەو هەواڵانە، نیوەشەوی رابردوو کۆمەڵیک هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان هەوڵیان داوە لە رێگەی دەروازەی سنووریی مێرانەوە بەبێ مۆڵەت بچنە عێراق، بەڵام هێزی پاسەوانی سنووری عێراق دەروازەکەی بەڕووی گەشتیارانی ئێرانیدا داخستووە.
بەهۆی ئەو بڕیارەوە، شەوی رابردوو نزیکەی 4000 کەس لە دەروازەی سنووریی مێراندا ماونەتەوە و شەویان لە سەرمای سنووردا رۆژ کردووەتەوە.
دەروازەی سنووریی مێران لە پارێزگای ئیلامە و یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
روحوڵڵا غوڵامی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ئیلام، هەفتەی رابردوو گوتی، لە حەوت مانگی رابردوودا پێنج ملیۆن و 745 هەزار و 700 گەشتیار لە دەروازەی سنووریی مێرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
زۆربەی ئەو گەشتیارانە، زیارەتکارانن، کە سەردانی مەزارگەی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن، یان لە عێراقەوە دەچنە ناوەندە ئایینییەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ