ژمارەی گیانلەدەستدانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە ئێران زیادیکردووە

07-11-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەرمانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە ئێران بە ئەستەم دەستدەکەوێت. بە گوتەی بەرپرسان، ئەو نەخۆشانە بۆ دابینکردنی دەرمان لە مانگەکانی داهاتوودا کێشەی گەورەتریشیان دێتەڕێ.
 
سەلمان ئیسحاقی، گوتەبێژی کۆمیسیونی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاوەکو سێ مانگی دیکە هاوردەی دەرمانی تالاسیمیا تەواو دەبێت. بە گوتەی سەلمان ئیسحاقی، کۆمیسیونی تەندروستی هۆشداریی بە بەرپرسانی پەیوەندیدار داوە، ئەگەر گرنگی بە دەرمانی نەخۆشانی تالاسیمیا نەدەن، رێژەی گیانلەدەستدانیان بەرز دەبێتەوە.
 
بەشێک لە نەخۆشانی تالاسیمیا دەرمانی هاوردە بەکاردەهێنن، ئەوان بە دەرمانەکانی بەرهەمی ئێران هەستیارن.
 
نەخۆشێکی تالاسیمیا دەڵێت، "بەداخەوە چەندین ساڵە کێشەیەکی جیدی بەرۆکی من و 23 هەزار نەخۆشی تالاسیمیای گرتووە، ئەویش نەبوونی دەرمانی کوالێتی بەرزە. زۆر لە نەخۆشەکان، لەوانەش خۆم، دەرمانی بەرهەمی ناوخۆ نەگونجاوە بۆ تەندروستیمان و دەبێت دەرمانە بیانییەکان بەکاربهێنین، دەرمانە هاوردەکانیش بە هۆکاری جیاواز، لەوانە گەمارۆکان، ساڵێک جارێک دێت."
 
بەرپرسانی ئێران هۆکاری نەبوونی دەرمانی نەخۆشەکانی تالاسیمیا بۆ گەمارۆکان دەگەڕێننەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، گەمارۆکان بەشی دەرمان ناگرێتەوە.
 
یونس عەرەب، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی نەخۆشەکانی تالاسیمیا دەڵێت، "نەخۆشانی تالاسیمیا، کە پێشتر ساڵانە 25 تاوەکو 30 کەس گیانیان لەدەستدەدا، لەنێوان ساڵەکانی 2018 تاوەکو 2021 بۆ نزیکەی 150 تاوەکو 250 کەس بەرزبووەوە. دەستڕانەگەیشتن بە دەرمان کێشە و گرفتی لە ژیانی ئاسایی نەخۆشەکانی تالاسیمیادا دروست کردووە."
 
فاتمە هاشمی، سەرۆکی دامەزراوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان مانگی پێشوو گوتی، "کێشە کەمیی دەرمان نییە، بەڵکو دابەشکردنەکەی گونجاو نییە. لە لایەکی دیکەشەوە دەرمانەکان لە کاتێکی گونجاودا هاوردە ناکرێن."
 
دەرمانەکانی بەرهەمی ئێران بە خۆڕایی بە نەخۆشەکانی تالاسیمیا دەدرێت، بەڵام بۆ دەرمانی هاوردەکراو پارەیان لێوەردەگیرێت، کە لەبەر تێچووەکەی و دۆخی ئابووری، زۆر لە نەخۆشەکان دابینکردنی بۆیان ئەستەمە. نەخۆشێکی تالاسیمیا لە مانگێکدا بایی نزیکەی 10 ملیۆن تمەن دەرمانی پێویستە.
 
رەوشی ئابووری و کێشەی دەرمان کێشەی نەخۆشەکانی تالاسیمیایان قورستر کردووە؛ لەبەر ئەم هۆکارانە و هۆکاری دیکەش هەندێک لەوان چەندین مانگە دەرمانیان دەستنەکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە