وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران: دەستمان بە گەنجینەیەکی هەواڵگریی ئەتۆمیی ئیسرائیل گەیشتووە

08-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، دەستیان بە "گەنجینەیەکی گرنگ"ـی زانیاری لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئیسرائیلەوە گەیشتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی نەخستەڕوو. 
 
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت کۆماری ئیسلامی لەم هەفتەیەدا سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی خۆی، رووبەڕووی گوشاری دیپلۆماسیی نوێ ببێتەوە.
 
لێدوانەکانی ئیسماعیل خەتیب، دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە 07-06-2025، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی کرد، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.
 
رۆژی یەکشەممە 08-06-2025، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێراندا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، خەتیب رایگەیاند: "سەربازانی ونبووی ئیمامی زەمان (ئەفسەرانی هەواڵگری) لە وەزارەتی ئیتڵاعات، دەستیان بە گەنجینەیەکی هەواڵگریی ستراتیژی، ئۆپەراسیۆنی و زانستیی رژێمی زایۆنی گەیشت و بە یارمەتیی خودا و هەوڵی زۆری هێزەکانمان گوازرایەوە بۆ نێو وڵات."
 
خەتیب بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەزاران لاپەڕە بەڵگەنامە بەدەستهێنراون و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە بەمزووانە بڵاویان دەکەنەوە. گوتیشی: "بەڵگەنامەی ئەتۆمیی تەواو بەدەستهێنراون و گواستراونەتەوە. هەروەها بەڵگەنامەی دیکەی پەیوەست بە ئەمریکا، ئەورووپا و وڵاتانی دیکە و هەروەها بەڵگەنامەی هەواڵگری کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی توانای هێرشکردنی وڵات، لەنێویاندان."
 
وەزیری ئیتڵاعات هیچ وردەکارییەکی لەبارەی شێوازی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاماژەی بە "دزەکردن" و "گەیشتن بە سەرچاوەکان" کرد.
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل، کە بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییە نافەرمییەکەیەوە بە تاکە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت، دانیناوە بە ئەنجامدانی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە.
 
ئەم بانگەشەیەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی سەرکۆنەکردن لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە دژی ئێران، بەهۆی پرسیارە بێ وەڵامەکان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە.
 
بۆ ئێران، ئەم بانگەشەیە رەنگە بۆ ئەوە بێت کە بە رای گشتی نیشان بدات، حکومەتەکەی توانیویەتی وەڵامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیلی دابێتەوە کە لە ساڵی 2018 کردی و تێیدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، "نیو تۆن" بەڵگەنامەی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانیان دەستکەوتووە.
 
ئیسماعیل خەتیب، کە کەسایەتییەکی ئایینیی شیعەیە، لە ساڵی 2022 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەهۆی "بەڕێوەبردنی سیخوڕیی ئەلیکترۆنی بۆ پشتیوانی لە ئامانجە سیاسییەکانی ئێران" خرایە لیستی سزاکانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خامنەیی بۆ ترەمپ: ناتوانیت کۆتایی بە ئێران بهێنیت

خامنەیی بۆ ترەمپ: ناتوانیت کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی بهێنیت

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی تووند بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت و دەڵێت، "بەهێزترین سوپای جیهان دەکرێ گورزێکی کەمەرشکێنی بەرکەوێت".