رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، خەڵکی ئێران خۆپێشاندان بۆ مافەکانی خۆیان دەکەن و پێویستە بەرپرسانی تارانیش رەچاوی ئەو مافە شەرعییەیان بکەن.
رۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2025، ئەنوەر حەنوونی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند، "خەڵکی ئێران ویستی شەرعیی خۆیان بۆ ژیانێکی باشتر پێشاندەدەن" و جەختی کردەوە کە "تووندوتیژی دژی ئەو خۆپێشاندەرانە قبوڵکراو نییە". گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا داوای لە بەرپرسانی ئێران کرد پارێزگاری لە مافی ئازادیی رادەربڕین بکەن و رێگە بە گەڕانەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بدەن.
ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە ناڕەزاییەکان رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2025 لە بازاری گەورەی تارانەوە بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە دەستیان پێکرد، بەڵام بە خێرایی بۆ زیاتر لە 100 شار لە سەرجەم 31 پارێزگاکەی ئێران تەشەنەی سەند.
درووشمەکان لە داواکاریی ئابوورییەوە گۆڕاون بۆ درووشمی سیاسی و تەنانەت لە هەندێک ناوچە بۆ داواکاریی ئاشکرای رووخانی حکومەت.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی نێتبڵۆکس کە چاودێریی ئینتەرنێت دەکات دەڵێت، لە شەوی پێنجشەممەوە ئینتەرنێت لە تەواوی ئێران پچڕاوە. بەپێی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 45 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەس دەستگیرکراون. میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش دان بە کوژرانی 21 کەسدا دەنێن.
هەرچەندە حکومەت هەندێک چاکسازیی ئابووریی وەک زیادکردنی مووچە، پێدانی هاوکاریی دارایی وەکو کۆبۆنی خۆراکی راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ