وەزیری دەرەوە: داخستنی هەژمارەکانی رێبەری ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 'نائەخلاقییە'

09-03-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، داخستنی هەژمارەکانی رێبەری ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە "نائەخلاقی" و "سووکایەتییە بە ملیۆنان شوێنکەوتووی (فۆڵەوەری) هەڵوێستی و هەواڵەکانی رێبەر."
 
کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، سرێدز و واتسئەپە، رۆژی 08-02-2024 لاپەڕەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا داخست. هۆکارەکەشی بۆ پێشێلکردنی سیاسەتی کارکردنی تۆڕەکان لەلایەن خامنەییەوە گەڕاندووەتەوە.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، داخستنی هەژمارەکانی رێبەری ئێرانی سەرکۆنە کردووە و گوتوویەتی، "داخستنی لاپەڕەکانی رێبەری ئێران، نەک تەنیا دژی ئازادیی رادەربڕینە، بەڵکو سووکایەتییە بە ملیۆنان کەس کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێست و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە رێبەری ئێران دەکەن."
 
لە ئێراندا هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئەپ، تویتەر و تەلەگرام داخراون، بەڵام رێبەری ئێران لە زۆربەیاندا هەژمار و لاپەڕەی تایبەت بە خۆی هەیە و هەواڵ و روانگەکانی خۆی لەواندا بڵاودەکاتەوە.
 
عەلی خامنەیی تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا زیاتر لە 5 ملیۆن فۆڵەوەرزی هەبوو.
 
دامەزراوەی مێتا نەیگوتووە کام لە سیاسەتەکانی لەلایەن لاپەڕەکانی رێبەری ئێرانەوە پێشێل کراوە، بەڵام وادیارە پەیوەندیی هەبێت بۆ پشتگیرییەکانی رێبەری ئێران بۆ گرووپەکانی بەناو "بەرەی بەرگری"، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیرییان لێدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە