لە '30%ـی هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان' لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین

10-01-2024
بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارێک لە ئێران 30%ـی هاووڵاتییانی، لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و ناتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابینبکەن، فرۆشیارێک لەنێو بازاڕی سنە دەڵێت، "بێ بازاڕی ئەم ساڵ وێنەی نەبووە"
 
ئارەش لە نێو بازاڕی سنە جلوبەرگی زستانە دەفرۆشێت. باس لەوە دەکات کە نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە و خەڵک ناتوانن پێداویستی وەکو جلوبەرگیش بکڕن.
 
ئارەش سڵامەت، دەڵێت، هیچ کەس رازی نییە لەو دۆخە، لەنێو 10 کەسدا تەنیا یەک کەس کڕیارە، دۆخەکە بەوشێوەیەیە، رۆژ بە رۆژ گرانتر دەبێت.
 
دۆخەکە لە دووکانی فرۆشتنی جلوبەرگی کوردیش هەر بەو شێوەیەیە. حکومەتی ئێران دەڵێت، رێژەی هەڵاوسان بەراورد بە ساڵی 40٪ـە، بەڵام هاونیشتمانییان دەڵێن، کەم شت هەیە، لە یەک ساڵی رابردوودا نرخەکەی دوو و سێ هێندە بەرز نەبووبێتەوە.
 
مەسعود کەرەمی، هاونیشتمانییەکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و باسی لەوە کرد، "شتێک کە لە دەرەوە دەهێنرێ بە دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت قەینا گران بێت، بەڵام شتومەکی نێوخۆ کە خۆمان بەرهەمی دەهێنین بۆ بە دۆلار دەفرۆشرێت؟ گەر دەینێرن بۆ دەرەوە، ناتوانن جڵەوی بگرن بڵێن ئەم میللەتە بەستزمانە؟ درۆ دەکەن ئەمانە." 
 
وەزارەتی کاری ئێران دەڵێت، لە 85 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، 9 ملیۆن و 900 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام نوێنەری ئەنجوومەنە کرێکارییەکان لە ئەنجوومەنی باڵای کاری ئێران دەڵێت، 30٪ـی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان نییە.
 
مێهرداد حەبیبی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە رایگەیاند، "لەم بازاڕەی ئێمە کاردەکەین ئیشەکە هاتووەتە خوارەوە، ئەگەر کەسێک بیەوێت شتێکی هەبێت و بیفرۆشێت، ماوەیەکی دیکە ناتوانێت بەو نرخە بیکڕێتەوە."
 
بە پێی بەراوردە ئابوورییەکان، هەر خێزانێکی چوار کەسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مانگانە لانیکەم پێویستی بە 20 ملیۆن تمەن داهات هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، بەڵام داهاتی بەشی زۆری فەرمانبەران، خانەشینان و کرێکاران زۆر لەوە کەمترە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردە: لە هەرێمی کوردستان خوێندن بە حەوت زمان هەیە

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، خوێندن بە حەوت زمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەنێویاندا جگە لە کوردی، تورکمانی و سریانی وەک زمانی دایک بە فەرمی دەخوێندرێن