سوپای پاسداران: 200 کەس لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارمان ئەیووب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سوپای ئێران دەڵێت، 200 کەسیان دەستگیرکردووە رێکخەری خۆپیشاندانەکانن و "نارنجۆک و چەکیان لەنێو خۆپیشاندانەکاندا پێبووە".
 
میدیای فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی شەممە، 10-1-2026، لە راپۆرتێکدا دەڵێت: "تیمە تیرۆریستییەکان زۆر جار بە چەکەوە خۆیان دەخزێننە نێو ئاژاوەگێڕان و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئێران دەدەن."
 
بە گوتەی میدیای سوپای پاسداران: "ئامانجی تیمە تیرۆریستییەکان، هێرشکردنەسەر ناوەندە هەستیارە حکومی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئێرانە، هەروەها تەقە لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکیش دەکەن."
 
سوپا دەڵێت لە خانووی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون "دەست بەسەر ژمارەیەک نارنجۆک، فیشەک و چەکدا گیراوە".
 
رێبەری ئێران رۆژی هەینی، خۆپیشاندەرانی بە "تێکدەر و بەکرێگیراوی بیانییەکان" ناوبرد و گوتی: ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خوێنی سەتان هەزار مرۆڤ هاتووەتە سەر دەسەڵات و لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین.''
 
14 رۆژە خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن، دوای ئەوەی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران ناڕەزاییان دەربڕی، هەرزوو خۆپیشاندان هەموو پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دوێنێ گوتی: "سەردەستەی ئاژاوەگێڕەکان"ـیان دەستنیشان کردووە و بەشێکیان دەستبەسەر کراون، ئەوانەشی ماون دەستگیر دەکرێن.
 
لە بەرامبەردا مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی گەورەترین مزگەوتی سوننەکانی ئێران رایدەگەیێنێت: "ئەوەی هەیە راپەڕینە و خواستی خەڵک رەوایە"؛ داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خەڵک سەرکوت نەکەن، چونکە "خەڵک کۆڵ نادەن، بۆیە ملکەچیان بن."
 
گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی هەینی رایگەیاند، خەڵکی ئێران خۆپێشاندان بۆ مافەکانی خۆیان دەکەن و پێویستە بەرپرسانی تارانیش رەچاوی ئەو مافەیان بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە