رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران لە راپۆرتێکدا کۆتاییهاتنی خۆپێشاندانەکان و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە رادەگەیێنێت؛ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە کوژرانی 116 کەس دەکەن و دەڵێن، "خۆپێشاندان لە 185 شار بەردەوامە."
شەوی رابردوو تەلەڤیزیۆنی حکومەتی ئێران لە راپۆرتێکدا، کە تێکهەڵکێشێک بوو لە ڤیدیۆی 9 پارێزگای ئەو وڵاتە، رایگەیاند، "پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە تووندی رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە و رێگەیان نەداوە ئەمنییەتی ئێران تێکبدەن، ئێستاش ئارامی گەڕاوەتەوە بۆ وڵات."
لە راپۆرتەکەدا پەیامنێرانی میدیای فەرمیی ئێران لە پارێزگاکانی کرماشان، زاهیدان، قەزوین، شیراز، کەرەج، ئەسفەهان، هەمەدان، تەورێز و رەشت لە چەند گۆڕەپانێکەوە دەردەکەون و دەڵێن، "دۆخەکە هێورە و هیچ تیرۆریست و ئاژاوەگێڕێک نابیندرێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) ئاشکرای دەکات، رۆژی شەممە 10-01-2026، لە 185 شار و لە هەر 31 پارێزگاکەی ئێران خۆپێشاندان بەردەوام بووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هێرانا، تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە 116 کەس بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە کوژراون، کە 7 کەسیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵە و 4 کەسیان کارمەندی کەرتی تەندروستین.
37 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانن و کەسێکیشیان داواکاری گشتیی شاری ئەسفەرایەن بووە.
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، تاوەکو شەوی رابردوو 2638 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.
هاوکات لەگەڵ تووندبوونەوەی گرژییەکان، ماوەی سێ رۆژە حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی لە سەرتاسەری وڵات و رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە. دامەزراوەی نێتبلۆکس رایگەیاندووە، ئامانج لەم کارە "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ