سوپای ئەمریکا: 16 کەشتی و بەلەمی مینڕێژکراوی ئێرانیمان لە تەنگەی هورمز تێکشکاند

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی سەربازیی ئاراستەی تاران کرد سەبارەت بە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی تەنگەی هورمز. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی گشتگیریان بۆ سەر کەشتییە مینڕێژەکانی ئێران دەستپێکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "خۆشحاڵم رایدەگەیێنم لە چەند کاژێری رابردوودا، 10 کەشتی و بەلەمی مینڕێژی ئێرانمان بە تەواوەتی تێکشکاندووە و چەندینی دیکەش بەدوایدا دێن."
 
دواتر، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیێندراوێکدا ئامارەکەی نوێ کردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کەشتییە تێکشکێنراوەکان گەیشتووەتە 16 کەشتی و بەلەم لە نزیک تەنگەی هورمز. سێنتکۆم چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا ساتەوەختی تەقینەوەی ئەو کەشتی و بەلەمانە بە مووشەک نیشان دەدات.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا راپۆرتی فەرمییان پێنەگەیشتووە کە ئێران دەستی بە چاندنی مین کردبێت، بەڵام هۆشداری دا و گوتی، "ئەگەر بە هەر هۆکارێک بێت مین لە تەنگەکە بچێنرێت و دەستبەجێ لانەبرێن، لێکەوتە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران لە ئاستێکدا دەبن کە پێشتر هەرگیز لە مێژوودا نەبینراوە."
 
ترەمپ گوتیشی، ئەمریکا ئەو مووشەکانە بەکاردەهێنێت کە پێشتر بۆ تێکشکاندنی کەشتییەکانی قاچاخی مادە بێهۆشکەرەکان لە ئەمریکای لاتین بەکاریهێناون، تاوەکو بە شێوەیەکی "هەمیشەیی" هەر کەشتییەکی مینڕێژ لەناو ببات و جەختی کردەوە "زۆر بە خێرایی و بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
 
تێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە. ترەمپ بە ئەندامانی کۆنگرێسی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی تێکشکاوە و لانیکەم 46 کەشتیی جەنگیی تاران، کە هەندێکیان لە جۆرە هەرە پێشکەوتووەکان بوون، لەناوبراون. ترەمپ گوتی: "هێزی دەریایی نەما؛ هەمووی لە قووڵایی زەریاکەدا کەوتووە."
 
ئەم هەڵکشانانە لە کاتێکدایە کە نزیكەی پێنجیەکی بەرهەمی نەوتی جیهانی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. تاران هەڕەشەی کردووە، رێگە نادات هیچ نەوتێکی کەنداو بەو تەنگەیەدا بڕوات، ئەمەش بازاڕەکانی وزەی تووشی ناسەقامگیرییەکی گەورە کردووە. لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، کە گوایە هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کارێکی لەو شێوەیە نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی

کوڕی سەرۆککۆماری ئێران: موجتەبا خامنەیی "سەلامەتە"

یوسف پزیشکیان، کوڕی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی وڵاتەکە "سەلامەتە"، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژنامەیەکی ئەمریکی باس لە برینداربوونی دەکات