گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی وزەیە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرجەستەکردنی "ملهوڕییەکی رێکخراوە" و ئامانج لەو کارەش کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەی جیهانە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران 100% بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی خۆی ئامادەیە. 
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو جۆرەی ئەوان سەیری ئەم جەنگە دەکەن، تەنیا جەنگێک نییە دژی ئێران، بەڵکو جەنگێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەی تەواوی جیهان.
 
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێ لەو رێگەیەوە "یارییە کۆتاییەکەیان" لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن کە بە نەیاری خۆیانیان دەبینن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان "لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا هیچ جیدییەت و راستییەکیان تێدا نییە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێستا ئێران بە رێژەی 100% سەرنجی لەسەر بەرگریکردنە لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و شکۆی خۆی. دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیار بکرێ لە پێشێلکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پیادەکردنی ملهوڕی بەو شێوە وێرانکەرە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی باسی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "بینیتان کە یەدەگەکانی نەوتیان کردە ئامانج؛ ئەو دووکەڵە ژەهراوی بوو و بارانی ژەهراویمان هەبوو. هەمووان تێدەگەن کە ئەمە جۆرێکە لە کوشتنی ژینگەیی و تاوانێکە دژی ژینگە."
 
جەنگەکە لە 28ـی مانگی رابردوو بە هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، دواتریش لە هەمان رۆژ ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە هێرشیکردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەنجامی هێرشەکانی یەکەم رۆژ، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. 
 
تاوەکو ئێستا ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەکە دیار نییە کە پێی ناوەتە رۆژی 12ـەیەمەوە و لە تەواوکردنی دوو هەفتە نزیک دەبێتەوە.
 
ئیسماعیل بەقایی ئەو دۆخەی بە "جەنگێکی سەپێندراو" لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ناوبرد و گوتی: "ئێمە لە ئەزموونەکانی رابردووەوە وانەمان وەرگرتووە. ئێران رێگە نادات هەر کاتێک ئەوان ویستیان جەنگ دەستپێبکەن و هەر کاتێک ویستیان کۆتایی پێ بهێنن. ئەمە بۆ ئێرانییەکان قبووڵکراو نابێت، چونکە باجێکی زۆرمان داوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی

کوڕی سەرۆککۆماری ئێران: موجتەبا خامنەیی "سەلامەتە"

یوسف پزیشکیان، کوڕی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی وڵاتەکە "سەلامەتە"، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژنامەیەکی ئەمریکی باس لە برینداربوونی دەکات