رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین پێشهاتەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی تاوتوێ کرد. میدیای ئێران دەڵێت، "عێراقچی بە گوتێرێزی گوتووە، هەموو بنکەکانی ئەمریکا دەپێکین."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە رۆژی چوارشەممە 11-03-2026 بووە. بەپێی میدیای ئێرانی، عێراقچی لەم پەیوەندییەدا رەهەندە جیاوازەکانی هێرشە "دەستدرێژیکارانە و تاوانە جەنگییەکانی ئەمریکی-زایۆنی" بۆ سکرتێری گشتی روون کردووەتەوە.
عێراقچی جەختی کردەوە، لەم هێرشانەدا شوێنە سڤیلەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، ناوچە نیشتەجێبووەکان و تەنانەت شوێنەوارە مێژووییەکان کراونەتە ئامانج، کە ئەمەش پێشێلکردنی راشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە هۆشدارییەکانی تارانی دووپاتکردەوە و گوتوویەتی، "ئێمە پێشتر بە هەموو لایەنەکانمان راگەیاندبوو، لە ئەگەری هەر کارێکی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران، ناچار دەبین هەموو دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەینە ئامانج، کە ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانبوونی جەنگ بۆ تەواوی ناوچەکە."
عێراقچی هەروەها گوتوویەتی، "بەرگری لە گیان و ئاسایشی هاووڵاتیان بەرپرسیارێتییەکی بنەڕەتیی تارانە و لێی خۆش نابن."
عێراقچی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، "هەڵوێستێکی بەهێزتر و بەرپرسانەتر بنوێنێت لە سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییانە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "بێدەنگی یان کاردانەوەی لاواز بەرامبەر بەم تاوانانە، زەوینە بۆ ناسەقامگیریی زیاتر و چڕبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆش دەکات."
بە گوێرەی میدیای ئێران، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە و راشیگەیاندووە، "هیچ گومانێک لە مافی ئێران بۆ بەرگری لە خۆی لە ئارادانییە". هەروەها گوتێرێز داوای کردووە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ رێگریکردن لە گەورەتربوونی بازنەی جەنگ و کەمکردنەوەی زیانە مرۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ