رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا پەیامێک ئاراستەی خۆپێشاندەرانی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، کاتی هاتووە سزای تووند بەسەر تاراندا بسەپێنن و سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) بڵاویکردەوە: "کاتی ئەوە هاتووە سزای تووند بەسەر رژێمی ئێراندا بسەپێنین بەهۆی تووندوتیژی، کوشتن و سەرکوتکردنەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا دەشڵێت: "کاتی ئەوەیە سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆرەوە و کاتی ئازادییە لە ئێران."
مێتسۆلا ڤیدیۆیەکی خۆیشی لەگەڵ پەیامەکەیدا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە، "ساڵی 2026 ساڵی کۆتاییهێنانە بە دیکتاتۆریەت و هەڵوێستی پەرلەمانی ئەورووپاش لەسەر ئەو پرسە روونە." هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات، سوپای پاسداران وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن.
ئەم پەیامە لەکاتێکدایە، ماوەی 18 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون. هاوکات نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە یان بڕیوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەکان دژی تاران بەردەوامن؛ بەهۆی بەکارهێنانی تووندوتیژی و کوشتنی خۆپێشاندەرانەوە، هەریەک لە وڵاتانی سوێد، فینلەندا، نەرویج و فەرەنسا بانگهێشتی باڵیۆزانی ئێرانیان کردووە و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر سەرکوتکارییەکان و بڕینی ئینتەرنێت پێگەیاندوون.
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک وڵات سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستووەتە لیستی تیرۆر یان رەشەوە، دیارترینیان ئەمریکا و ئوسترالیا و سوێدن.
سوپای پاسداران، رێکخراوێکی چەکداری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی رێبەری ئێران دایە.
سوپاکە بە فەرمانی خومەینی، رابەری پێشووی ئێران لە 22ی نیسانی 1979 دامەزرا. بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە ماڵپەڕێکی ئەمریکی، ژمارەی سەربازانی سوپای پاسداران نزیکەی 200 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ