هەوای ئێران شەش هێندەی ئاستی ستانداردی جیهانی پیسە

15-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لەبارەی مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا لەو وڵاتە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ساڵانە 26 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیان لەدەستدەدەن.
 
عەلی سەلاجقە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەدا لەسەر مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا لەو وڵاتە رایگەیاند، هەوای ئێران شەش هێندەی ئاستی ستانداردی جیهانیی (WHO) پیسترە، کە دەبێتە 30 مایکرۆگرام لە سانتیمەترێکدا.
 
بە گوتەی عەلی سەلاجقە، گەشەی ئابووری لە هەندێک لە پارێزگاکانی ئێران، بووەتە هۆی پیسبوونی لەڕادەبەدەری هەوا لەو وڵاتە، ئەوەش وایکردووە ساڵانە زیاتر لە 26 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیان لەدەستبدەن.
 
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، پیسبوونی هەوا، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو ژمارەیە و نەخۆشکەوتنی دەیان هەزار کەس لە ئێران، ساڵانە 11.3 ملیار دۆلار زیانیشی لێدەکەوێتەوە.
 
عەلی سەلاجقە پارێزگای کرمان بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، هەوای ئەو پارێزگا پیشەسازییە 2.5 هێندەی هەوای هەموو ئێران پیسە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی چاودێریی پسپۆڕانەیە لەسەر کەرتی پیشەسازی بۆ پابەندبوون بە رێکارە جیهانییەکانی پاکڕاگرتنی ژینگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە