رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکانی رۆژی هەینی بۆ سەر ئێران بوونەتە هۆی کوژرانی 9 زانای دیاری ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە هێرشەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، 9 زانای باڵا و شارەزا کە پەرەیان بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی رژێمی ئێران دەدا، لەنێوبران".
ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمیی ئێرانیش هەر ئەمڕۆ کوژرانی سێ زانای دیکەی پشڕاستکردەوە و گوتی، زاناکان بریتین لە عەلی بەکایی کەریمی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بورجی.
سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی ئەو زانا ئەتۆمییانە دەڵێت: "لەنێوبردنیان گورزێکی گەورەیە بۆ توانای رژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ."
وەک سوپای ئیسرائیل باسی دەکات، هێرشەکان لەسەر بنەمای "زانیاریی وردی هەواڵگری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگرییەوە کۆکرابوونەوە" ئەنجامدراون.
ئیسرائیل دەڵێت، زاناکان هەوڵەکانی ئێرانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پێشخستبوو.
نۆ کەسەکە بریتین لە فەرەیدوون عەباسی، شارەزا لە ئەندازیاریی ئەتۆمی؛ محەممەد مەهدی تارانچی، شارەزای بواری فیزیا؛ ئەکبەر موتەلیب زادە، شارەزا لە ئەندازیاریی کیمیایی؛ سەعید بێرجی، شارەزا لە ئەندازیاریی مادە؛ ئەمیر حەسەن فەخاحی، شارەزای بواری فیزیا؛ عەبدولحەمید مینوشەهر، شارەزا لە فیزیای ریاکتۆر؛ مەنسوور عەسکەری، شارەزا لە بواری فیزیا؛ ئەحمەد رەزا زولفەقاری دەریانی، شارەزا لە ئەندازیاریی ئەتۆمی و عەلی باخویی کاتریمی، شارەزا لە میکانیک.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "هەموو ئەو زانایانە سەرچاوەی گرنگی زانیاری بوون لە پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران و چەندین دەیە ئەزموونی کەڵەکەبوویان لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمیدا هەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ