رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێوارەی پێنجشەممە، زیاتر لە سێ ملیۆن و 620 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بە دەروازە سنوورییەکاندا هاتووچۆیان کردووە؛ دەشڵێت زۆربەیان گەڕاونەتەوە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
شەوی پێنجشەممە 14-08-2025، عەلیئەکبەر پوورجەمشیدیان، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و سەرۆکی ناوەندی چلەی ئیمام حوسێن رایگەیاند، تاوەکو ئێستا، 80٪ـی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق گەڕاونەتەوە وڵاتەکە.
بەگوتەی پوورجەمشیدیان، زیاتر لە سێ ملیۆن و 620 هەزار زیارەتکار لە دەروازە سنوورییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو عێراق تێپەڕیون.
وەک جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 800 هەزاریان گەڕاونەتەوە وڵاتەکە و ''لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان، بەگوێرەی پێویست پاسمان بۆ زیارەتکاران دابینکردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان.''
عەلیئەکبەر پوورجەمشیدیان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 50٪ـی هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازەی سنووریی مێهراندا بووە، کە دەکەوێتە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم ساڵ چلەی ئیمام حوسێن کەوتە 14ـی ئاب. لە هەموو پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەروازەوی سنووریی تایبەت دەستنیشان کراون بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە. لە پارێزگای ورمێ، دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، لە سنە، دەروازە سنوویی باشماخ، لە کرماشان دەروازەی سنووریی خوسرەوی، لە ئیلام دەروازەی سنووریی مێهران و لە خوزستان دەروازەی سنووریی چەزابە دەستنیشان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ