وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ پێشنیازێکمان لەلایەن ئەمریکاوە بەدەست نەگەیشتووە

16-05-2025
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە حکومەتی وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی لەلایەن ئەمریکاوە پێدرابێت؛ ئەو مەرجانەش ئاشکرا دەکات کە وا دەکات جێبەجێکردنیان ببێتەهۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی نوێ.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم ئێوارەیە رایگەیاند، "ئێران هیچ پێشنیازێکی نووسراوی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە، ئیدی ئەگەر راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ."
 
لێدوانەکەی عێراقچی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەبوزەبی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ترەمپ رایگەیاند، ئیدارەکەی پێشنیازێکی بۆ رێککەوتن پێشکێشی ئێران کردووە و گوتی، "ئەوان [ئێران] ئاگاداری ئەوەن کە دەبێت بەخێرایی هەنگاو بنێن، ئەگەرنا شتێکی خراپ روودەدات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، ئەو پەیامانەی تاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەمریکاوە دەیانبیستێت، روون نین و دژبەیەکن.
 
عەباس عێراقچی ئەو مەرجانەی ئاشکرا کرد کە جێبەجێکردنیان دەبێتەهۆی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و بە ئەمریکای گوت: "رێز لە مافەکانمان بگرن و سزاکانتان هەڵگرن، رێککەوتن دەکەین."
 
هەروەها عێراقچی دەڵێت، سیناریۆی لەو جۆرە لە ئارادا نییە کە ئێران دەستبەرداری "ماف"ی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە مەبەستی ئاشتیانە بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو مافە بە هەموو ئەو وڵاتانە دراوە کە رێککەوتننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمییان واژۆکردووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "گەلی مەزنی ئێران هێز و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەوانەدا پیشان داوە کە ویستوویانە خۆیان بسەپێنن. ئێمە هەمیشە پێشوازی لە دیالۆگێک دەکەین کە پشت بە رێزگرتنی هاوبەش ببەستێت و هەر شتێکیش رەت دەکەینەوە بەسەرماندا بسەپێندرێت."
 
تاوەکو ئێستا ئێران و ئەمریکا چوار گەڕی دانوستاندنیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی کردووە کە سێ گەڕیان لە عومان بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە