دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: ئەم بەیانییە سیخوڕێک لەسێدارەدرا

16-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی میزان، میدیای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، کەسێک کە بەهۆی هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر و دادگایی کرابوو، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و پەسندکردنی سزاکەی لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە بەیانیی ئەمڕۆ لەسێدارەدرا.
 
میزان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کەسێک بەناوی ئیسماعیل فکری کە بە تاوانی هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ دەسەڵاتی ئیسرائیل تاوانبار کرابوو، دوای تەواوکردنی قۆناخە یاساییەکان و پەسندکردنی سزاکەی لە دادگای باڵای وڵات، بەیانیی ئەمڕۆ لە سێدارەدرا.
 
میزان دەڵێت، ئەو کەسە لە کانوونی یەکەمی 2023ـوە لەگەڵ دەزگای سیخوڕی ئیسرائیل لە پەیوەندیدا بوو و نزیکەی ساڵێک دواتر دەستگیرکرا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم هەنگاوە بە گورزێکی گرنگی هەواڵگری لە تۆڕی سیخوڕیی ئیسرائیل لەنێوخۆی ئێران هەژمار دەکرێت.
 
وەک میزان دەڵێت، ئیسماعیل فکری لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ مۆساد هەوڵی داوە زانیارییە هەستیارەکانی وڵات بخاتە بەردەستی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا پارە وەربگرێت. 
 
لەسێدارەدانەکە لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە جەنگی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکراوە و مۆسادیش رۆڵ لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەگێڕێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە