وردەکاریی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی ئێران

16-06-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران لە بەرەبەیانی هەینییەوە دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ لە شارەکانی تاران، کرماشان، دێلران، ئیلام و مەشهەد بەردەوامە.
 
تاران 
 
تاران لە سەرەتای هێرشەکانەوە ئامانجی یەکەمی ئیسرائیل بووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆشەوە تاران و شار و شارۆچکەکانی سەر بەو پارێزگایە بۆردوومان دەکرێن. 
 
بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، شەهرەک غەرب، شاری رێی، خەلایز، ئیسلامشەهر و چەندین ناوچەی دیکە بۆردوومان کراون.
 
بەگوێرەی دیمەنی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆ، ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل، پاڵاوگەکانی نەوت و شوێنی بەرهەمهێنانی بەنزینن. 
 
بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، دانیشتووانی تارانی پایتەخت بەرەو باکووری ئێران بەڕێکەوتوون و بەهۆی زۆریی خەڵک و ئۆتۆمبێلەوە، لە رێگە و بان و تونێلەکاندا قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
 
دێلران لە رۆژهەڵاتی کوردستان 
 
بەگوتەی بەرپرسانی خۆجێی، لە شاری دێلرانی سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت درۆنی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە.
 
قایمقامی دێلران رایگەیاند: "ئەو درۆنانەی خراونەتە خوارەوە پێشکەوتوو بوون. ئەو دوای هێرشەکەی رژێمی زایۆنی دژی چەند شارێکی وڵاتەکەمان".
 
کرماشان
 
لە پارێزگای کرماشان ئیسرائیل چەن شوێنی جیاوازی کردە ئامانج، لەوانە شوێنی هێزە ئەمنییەکان و دەوروبەری نەخۆشخانەی فارابی کرماشان.
 
هاونیشتمانیان کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، گوێبیستی چوار تەقینەوەی بەهێز بوون لە چوار ناوچەی جیادا.
 
بەرپرسانی پارێزگای کرماشان رایانگەیاند: "ئەمڕۆ رژێمی زایۆنی هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی فارابی و باڵەخانەکانی دەوروبەری، بەهۆیەوە لە کەلوپەلەکانی نەخۆشخانەکە زیانیان بەرکەوتووە و شووشەی پەنجەرەکان شکاون، ئەوەش بووە بە هۆکاری برینداربوونی هەندێک لەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکەدا بوون".
 
بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش رایانگەیاند، بەشی مێگا ئای ‌سی ‌یووی (چاودێریی چڕی گەورە) "زیانی زۆر"ـی بەرکەوتووە.
 
بەگوێرەی سوپای پاسدارانی ئێران، هەر ئەمڕۆ لە کاتی بەجێهێشتی ئاسمانی ئێراندا، فڕۆکەیەکی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە.
 
مەشهەد 
 
بەرپرسانی سوپای ئێران لە مەشهەد دەڵێن، چەند درۆنێکی ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە.
 
بارەگای سوپای باکووری رۆژهەڵاتی ئێران رایگەیاند: "لە چەند کاژێری رابردوودا، سیستمی بەرگرییان رووبەڕووی ژمارەیەک درۆنی بچووکی هێزەکانی ئیسرائیل بووەتەوە و رێگرییان لە چوونە ژوورەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن کردووە".
 
بەگوێرەی قسەی خەڵکی مەشهەد، تاوەکو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەنگی تەقینەوە لە شارەکەدا دەبیسترێت.
 
ئیلام
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوە لە ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
بەرپرسانی ئیلام دەڵێن، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شوێنانەی هاووڵاتی سڤیلیان تێدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر باڵەخانەی ئاگرکوژێنەوەی شاری مووسیان لە پارێزگای ئیلا.
 
هەمان ناوچە ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی دژ ئەنجام دابوو، بەهۆیەوە بەشێک لە باڵەخانەکانی ناوەندەکە زیانی بەرکەوتبوو.
 
5 کەس بە تۆمەتی "شێواندنی بیری گشتی" دەستگیرکران
 
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل، لەنێوخۆی ئێرانیشدا رۆژانە گەڕان و دەستگیرکردنی خەڵک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل بەردەوامە.
 
لێکۆڵەرانی پۆلیسی فەتا (بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی) لە ئەردەبێل رایگەیاندووە، "لە رێگەی چاودێریی بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئۆپەراسیۆنێکی زیرەکانەدا 5 تاوانباری سایبەریی دەستنیشانکران و دواتر دەستگیر کران، کە هزری گشتییان دەشێواند".
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ناوچەکە، ئەو کەسانە کەناڵێکی تێلگرامیان بەڕێوەبردووە و بابەتیان تێدا بڵاو کردووەتەوە، کە "پڕوپاگەندەی سیاسی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و زانیاریی ناڕاست"ی تێدا بووە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند بووتڵێکی کحولی ساختە.

بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخ لە ئێران 4 کەس گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی پۆلیسی ئێران، چوار کەس لە شاری ئێرانشەهر لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخەوە گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش ژەهراوی بوون. هاوکات پۆلیس رایگەیاند، سێ کەسیان لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خواردنەوە و فرۆشتنی کحول لە ئێران قەدەخەیە و بازاڕێکی بەرفراوانی نایاسایی بۆ بەرهەمە قاچاخەکان دروست کردووە.