رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆردوومانی تاران لە چەند شوێنەوە بەردەوامە. میدیای ئێران دەڵێن، سیستمی بەرگریی ئاسمانی کاراکراوە و ''سەرکەوتووانە'' بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 17-06-2025، ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، لە درێژەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پایتەختی وڵاتەکە، جارێکی دیکە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە چەند ناوچەی شارەکە کاراکراون.
بەگوێرەی میدیاکە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی تاران ''سەرکەوتووانە'' بەرپەرچی ژمارەیەک تەنی نامۆی داوەتەوە کە پێدەچێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان درۆن بن.
هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر تاران لەکاتێکدایە کە ئێرانیش هێرشێکی نوێی مووشەکی بۆ سەر وڵاتەکە دەستیپێکردووە.
وەک لە راگەیێندراوی سوپای پاسداراندا هاتووە، ئەم جارە جیا لە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی، 140 درۆن بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدراون.
هاوکات چەند هاونیشتمانی بۆ رووداویان پشتڕاستکردووەتەوە کە ''درۆن و فڕۆکەی جەنگی'' لە ئاسمانی مهاباد، شنۆ و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بینراون و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی کارا کراون.
هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، لە مهاباد هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە سێڕییانی دارەلەک.
هەروەها لە هەندێک لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی قورس کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکان، بەتایبەتی لە کرماشان.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ