رێکخراوێک: کوژرانی 3090 خۆپێشاندەر لە ئێران پشتڕاست کراوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، تاوەکو کۆتایی رۆژی 20ـەمی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لە وڵاتەکە، لانیکەم کوژرانی 3090 کەس پشتڕاست کراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی زیاتر لە 3800 کەسی دیکەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 17-01-2026 ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) نوێترین ئاماری سەبارەت بە کوژران، برینداربوون و دەستگیرکرانی خۆپێشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە تاوەکو دوێنێ هەینی، کوژرانی لانیکەم 3090 کەس پشتڕاست کراوەتەوە، کە 19ـیان منداڵن و 165ـیان هێزی ئەمنین.
 
هاوکات هرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 3882 کەسی دیکە دەکرێت.
 
ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ژمارەی بریندارانی خۆپێشاندانەکانی بەرچاو راگەیاندووە و دەڵێت، لانیکەم برینی 2055 کەسیان سەختە.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو کۆتایی 20ـەم رۆژی خۆپێشاندانەکان، 22 هەزار و 123 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و دانپێدانانی زۆرەملێی 132ـیان بڵاو کراوەتەوە.
 
لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و لە زۆربەی شارەکاندا گرژی تێکەوت.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێرانی بە فەرمی ژمارەی قوربانییانی رانەگەیاندووە، بەڵام رەتی ناکەنەوە خەڵکێکی زۆر کوژرابن و دەڵێن، ''بەکرێگیراوانی بیانی، تیرۆریست و سیخوڕانی دوژمن'' خزاونەتە نێو خۆپێشاندەران، خەڵک و هێزە ئەمنییەکان دەکوژن بۆ ئەوەی رای گشتی بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران بەلاڕێدا ببەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تەرمی کەسوکاری وەردەگرێتەوە لە ئێران.

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: لە ئێران تەرمی خۆپێشاندەر بە 4,800 دۆلار دەدرێتەوە کەسوکاری

هاونیشتمانییەکی خەڵکی شابادی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکارەکەی دەڵێ، ئێران بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی، داوای بڕێکی زۆر پارە دەکات.