سوپای ئیسرائیل: شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر تاران دەستیپێکرد

18-06-2025
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن شەڕی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان شەپۆلێکی نوێی هێرشی بۆ سەر تاران دەستپێکردووە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی گەیشتوون، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بیستراوە.
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی ناوچەی 18 لە تاران کردبوو کە بە خێرایی ناوچەکەیان چۆڵ بکەن. ناوچەی 18 لە تاران بە نزیکەیی 37 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە.
 

 

بەگوێرەی ئەو ناوچەیەی کە سوپای ئیسرائیل لەسەر نەخشە دەستنیشانی کردووە، هۆشدارییەکە گەڕەکی فەتح و پیشەسازیی ناوچەی 18ـی تاران دەگرێتەوە.

بەشێکی گرنگ لە ژێرخانی سەربازیی ئێران وەکو کۆگەی چەک، بنکەی پشتیوانیی لۆجیستیی سوپا، کۆگەکانی تایبەت بە وەزارەتی بەرگری، بنکەکانی راگرتنی مووشەک و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لەو ناوچانەیەن، هەروەها چەندین بنکەی سەربازیی سوپای پاسدارانی تێدایە.

هۆشدارییەکە لەکاتێکدایە کە جەنگی راستەوخۆی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ پێی ناوەتە شەشەم رۆژەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هەرگیز سازش بۆ ئیسرائیل ناکەن و پێویستە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە. هاوکات میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لە چەند کاژێری داهاتوودا هەژەندێکی گەورەیان دەبێت.

لە دوایین پێشهاتەکاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشگەز بووەتەوە.

هەر ئەمشەو ئێران شەپۆلێک مووشەکی ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کرد. سوپای پاسداران دەڵێت، بە مووشەکەکانیان سیستمی بەرگریی ئیسرائیلیان تووشی سەرلێشێواندن کردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی دوایین هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیێندراوی ژمارە 11ـی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، مووشەکی جۆری ''فەتاح 1''ـیان بەکارهێناوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''کۆنترۆڵی تەواو''ـیان بەسەر ئاسمانی ئیسرائیلەوە هەیە.

بۆ دوایین زانیارییەکان لایڤ بلۆگی رووداو بخوێنەوە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە