میدیای سوپای پاسداران: هێرشکرایە سەر تاران چەند شارێکی دیکە

18-06-2025
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن شەڕی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی میدیای سوپای پاسداران بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشکراوەتە سەر تاران و چەند شاری دیکەی ئێران، لە ئەنجامدا سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی کاراکراون.
 
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18-06-2025، میدیای سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە، لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەی تارانی پایتەخت و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شارەکە کاراکراوە.
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بەشێک لە ناوچەی 18ـی تارانی بە خەڵک دابوو، بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران. لە بەرامبەردا تارانیش ناوچەیەکی ئیسرائیلی دەستنیشان کردبوو بۆ ''دەستبەجێ'' چۆڵکردن و بەئامانجگرتنی.
 
هاوکات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە درێژەی جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە، میدیای سوپای پاسداران باسی لە بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێزی لە شاری مەشهەدی سەر بە پارێزگای خوراسانی رەزەوی کرد. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکەش لەوبارەوە رایگەیاندووە، ''بەهۆی هێرشی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (فڕۆکەی بچووک) سیستمی بەرگریی ئاسمانیی مەشهەد کاراکراوە و بە سەرکەوتوویی ئامانجەکان خراونەتە خوارەوە.''
 
لە شارەکانی دێزفول، ئەندیمێشک و شوشتەری سەر بە پارێزگای خوزستانیش هێرشکراوەتە سەر چەند شوێنێک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی کارا کراون و وەک سوپای پاسداران دەڵێت، ''سەرکەوتووانە'' ژمارەیەک هێرشیان بەرپەرچ داوەتەوە.
 
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی تاران ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک "سیخوڕی مۆساد" لە شارەکانی بەهارستان و رێی سەر بە پارێزگاکە کردووە کە "مەبەستیان بووە تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کاری تێکدەرانە و تۆقاندنی خەڵک بەکاربهێنن."
 
جەنگی راستەوخۆی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ پێی ناوەتە شەشەم رۆژەوە و هەردوولا بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
 
لە دوایین پێشهاتەکاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هەرگیز سازش بۆ ئیسرائیل ناکەن و پێویستە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە. هاوکات میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، لە چەند کاژێری داهاتوودا هەژەندێکی گەورەیان دەبێت.
 
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشگەز بووەتەوە.
 
ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا کوژراون و لە وەڵامدا ئێرانیش هێرشی مووشەکیی بەردەوام دەکاتە سەر ئیسرائیل. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە