سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ دادوەران: بە خێرایی دەستبەسەرکراوان سزا بدەن

19-01-2026
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەبارەی دادگاییکردن و سزادانی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دادوەریی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و رایسپاردن، بە خێرایی بڕیار لەسەر دۆسیەکانیان بدرێت.
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رۆژی دووشەممە 19-01-2026 لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادی گوتی، ئەگەر بەڕێوەچوونی دادگایی و سزادانی ئەو کەسانە دوا بکەوێ کە بە کارکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و سازدانی ناڕەزایی و خۆپێشاندان، سزادانیان کاریگەری پێویستی نابێت. 
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، بەپێی ئەو جیاکارییەی لەنێوان دۆسیەکاندا کراوە، پێویستە بەخێرایی بڕیار لەسەر دۆسیەی ئەو کەسانە بدرێت، تۆمەتەکانیان قورسترە.
 
حکومەت و دەسەڵاتی دادی ئێران هێشتا ژمارەی تەواوی دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە سەرەتای ناڕەزاییەکانەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، دەستبەسەرکردنی 24 هەزار و 669 کەس پشتڕاست کراوەتەوە.
 
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، زۆربەی ئەوانەی دەستبەسەرکراون، هێشتا لەژێر لێپرسینەوەدان و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لەگەڵیاندا و ساخبوونەوەی تۆمەتەکانیان، دەدرێنە دادگە. دەشڵێت، بەشێک لەوانەی دەستبەسەرکراون فریویان خواردووە، بەڵام بەشێکیان پەیوەندییان بە دەزگا سیخوڕییەکانی دەرەوە هەیە. 
 
محەممەدجەعفەر مونتەزیری، سەرۆکی دیوانی باڵای دادی ئێرانیش رایگەیاندووە، هیچ چاوپۆشییەک لە تاوانی ئەو کەسانە ناکرێت دەستبەسەرکراون و بە تووندترین شێوە سزایان دەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران: دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابین

وەزیری دەرەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە ''مافی رەوای'' وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت، ''ئەگەر جەنگیشمان بەسەردا بسەپێنن، دەستبەرداری ئەو مافە ئاشتیخوازانەیە نابین، بەڵام ئامادەین هەر نیگەرانییەک بڕەوێنینەوە.''