بەرپرسانی ئێران: دۆخی وڵات ئاسایی بووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


بەرپرسانی ئێران دەڵێن، دۆخی وڵاتەکە ئاسایی بووەتەوە و کۆتاییان بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان هێناوە. سێ سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتەش دەڵێن، پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
 
سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رۆژی دووشەممە 19-01-2026 بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا، خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتە بە پیلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی دادەنێن و دەڵێن، خەڵک و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە توانیویانە، پیلانەکە پووچەڵ بکەنەوە.
 
سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران دەڵێن، هەوڵەکانیان زیاتر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵک. هەروەها رایانگەیاندووە، بە تووندی سزای ئەو کەسانە دەدەن کە "تیرۆریست" و "ئاژاوەگێڕ" ـن، بەڵام بەرامبەر بەوانەی "فریوخواردوو"ـن، بەزەییان دەبێت.
 
هەروەها ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رۆژی دووشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، "ئاسایشی تەواو لە وڵاتەکەدا هەیە و پرسێک نەماوە بە ناوی نائەمنی لە شارەکاندا". 
 
رادان دەڵێت، بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی خەڵک، توانیویانە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بن.
 
بەپێی هەواڵی میدیا فەرمی ئێران، لە رۆژی یەکشەممەوە کرانەوەی دووکان و بازاڕ لە شارەکان ئاسایی بووەتەوە و کاروباری خەڵک بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت. هەروەها دامودەزگا حکومییەکان دەستیان بە خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە کردووە، لە ناڕەزاییەکاندا زیانیان بەرکەوتووە.
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە و هەروەها دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
 
لەبارەی ئاساییبوونەوەی ئینتەرنێتیش، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بڕینی ئینتەرنێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناڕەزاییەکان بووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڕیار لەسەر ئاساییکردنەوەی ئینتەرنێت یان بەردەوامیی سنوورداربوونی دەدات.
 
نێت بلۆکس، کە دامەزراوەیەکی تایبەت بە چاودێری ئینتەرنێتە لە جیهاندا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بڕانی ئینتەرنێت پێی نایە دوازدەیەمین رۆژ و لە رۆژانی رابردوودا سیستمی فیلتەرکردنی ئێران، جاروبار رێگەی ئاڵوگۆڕی هەندێک پەیامی داوە بۆ ماوەیەکی سنووردار، ئەوەش دەتوانێت نیشانەیەک بێت لە تاقیکردنەوەی ئینتەرنێتێکی نێوخۆیی بە بەکارهێنانی سیستمێکی داخراوتر بۆ فیلتەرکردنی ئینتەرنێت.
 
خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 28-01-2026 دەستیپێکرد. خۆپێشاندانەکە سەرەتا دژی خراپی دۆخی ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای تمەن بوو، بەڵام دواتر بووە دژی دەسەڵاتی ئێران و خۆپێشاندەران دژی دەسەڵات و بەرپرسانی باڵای ئێران دروشمیاندا و گرژی لێکەوتەوە.
 
حکومەتی ئێران ئاماری قوربانییەکانی رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە 624 خۆپێشاندان و گردبوونەوەدا کە لەو ماوەیەدا بەڕێوەچووە، کوژرانی سێ هەزارو 919 کەس تاوەکو ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە کە سێ هەزار و 685 کەسیان خۆپێشاندەر، 178 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 31 کەسیش لە خەڵکی ناسەربازیی دەرەوەی خۆپێشاندانەکانن. 
 
ئەو رێکخراوە دەڵێت، گومان دەکرێت هەشت هەزار و 949 کەسی دیکەش کوژرابن. هەروەها دەستبەسەرکرانی 24 هەزار و 669 کەسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشتڕاست کردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە خۆپێشاندانەکانی رۆژانی رابردووی ئێران

هرانا: 3308 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژراون

ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 21 رۆژی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا، کوژرانی زیاتر لە 3300 کەس پشتڕاست کراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ کوژرانی زیاتر لە 4000 کەسی دیکەش دەکرێت. هاوکات باس لە دەستگیرکردنی زیاتر لە 24 هەزار کەس دەکرێت