رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەت و گەلانی ناوچەکە، میدیا و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، بە هۆشیاری و هاوخەمییەوە لە سەنگەری پاراستنی پەیوەندییە تووندوتۆڵ و قووڵەکانیان بن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، "دووژمنی زایۆنی و ئەمریکا، لە سەرەتای سەرکەوتنی راپەڕینی جەماوەریی ئیسلامی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمیشە لە هەوڵی پیلانگێڕی و قەیراننانەوەدا بوون بۆ وڵاتی گەورەی ئێران."
کورد "قوربانییەکی گەورەی ئەنفالن لەلایەن رژێمی بەعسەوە"
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر داوا لە هەموو حکومەت و گەلانی ناوچەکە، "بەتایبەت خەڵکی شەریف و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان" دەکات، کە وەکو ئەو دەڵێت، خۆیان قوربانییەکی گەورەی "ئەنفال" بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە، هەروەها داوا لە میدیا ئازادەکانی ئەم ناوچەیە دەکات، "بە هۆشیاری و هاوخەمییەوە لە سەنگەری پاراستنی پەیوەندییە تووندوتۆڵ و قووڵەکان لەگەڵ ئێران، وەکو دراوسێی گەورە و پاڵپشتی خۆیان، بەردەوام و جێگیر بمێننەوە."
"ناڕەزایەتییەکان بەرەو پشێوی بران"
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر، باسی دۆخی نێوخۆی ئێران و خۆپیێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکات و دەڵێت، "ناڕەزایەتییە رەواکانی پیشەوەران و کاسبانی تاران بەرامبەر بە بارودۆخی ئابووری، بەهۆی دەستوەردانی راستەوخۆی هەندێک توخم و دەستوپەیوەندی ناپاک و دزەکردوو، بە ئاڕاستەکردنی وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت بەرپرسانی ئەمریکا و سەرکردەکانی رژێمی زایۆنی، بەرەو ئاژاوە و پشێوی بران."
دەشڵێت، "ئەم ناڕەزایەتییە پیشەییانە هەر لە سەرەتاوە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە رەوا ناسێندراون، ئەم بابەتە لە هەواڵە بڵاوکراوەکان و هەڵوێستە فەرمییەکانی بەرپرسانی وڵات، لەوانە گوتەکانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیدا بە روونی دەبیندرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، گفتوگۆ لەگەڵ پیشەوەران و راستکردنەوەی هەندێک بڕیاری ئابووری لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستیپێکرد."
"هێرشی رێکخراو کرایە سەر شوێنە حکومییەکان"
لە راگەیێندراوەکەیدا، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، کۆنسووڵخانەکە دەشڵێت، "رەوتی دووڕوویی و تیرۆر، بە بەکارهێنانی کردەوەی تووندوتیژانە ئەم ناڕەزایەتییانەیان گۆڕی بۆ ئاژاوە؛ هێرشی رێکخراو کرایە سەر شوێنە حکومییەکان، ناوەندە ئەمنییەکان، بنکەکانی پۆلیس، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، مەزارگەکان، قوتابخانەکان و موڵکی تایبەتی خەڵک لە تێکدان و ئاگرکەوتنەوە پارێزراو نەبوون. لە ئەنجامی هێرشە چەکدارییەکانی ئەواندا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی و هێزەکانی پۆلیس شەهید و بریندار بوون."
"ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتاوە هەوڵی دروستکردنی قەیرانیان دا"
لە راگەیێندراوەکەی کۆنسووڵخانەی ئێران دا ئەوەش هاتووە، لای هەمووان روونە کە زایۆنی و ئەمریکا، لە سەرەتای سەرکەوتنی راپەڕینی جەماوەریی ئیسلامی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران [ساڵی 1979]، هەمیشە لە هەوڵی پیلانگێڕی و دروستکردنی قەیراندا بوون بۆ وڵاتی گەورەی ئێران.
دەشڵێت، "ئەمریکا کە لە کاتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا دەستی لە سەرچاوە سروشتییە زەبەلاحەکان (لەوانە نەوت) و بەتایبەت پێگەی گرنگی جیۆپۆلیتیکی ئێران کورتکرایەوە و، لە بەرامبەر تاکڕۆیی خۆی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، گوتارێکی سەربەخۆ، ئایینی و رەخنەگرانەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بینی، بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی ئیسلامی خستە سەرووی بەرنامەکانی خۆیەوە."
بەپێی راگەیێندراوی کۆنسووڵخانەکە، "ئەمریکا بە سەپاندنی جەنگی هەشت ساڵە لە رێگەی رژێمی بەعسی نەگبەتەوە، گەمارۆی تووندی ئابووری و هەوڵدان بۆ قەیراننانەوە، هەر لە رۆژانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشەوە پیسخۆریی خۆی نیشان دا. لە ماوەی 46 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا هەمیشە داواکارییە رەواکانی خەڵک، خوێندکاران یان پیشەوەرانی بە لاڕێدا بردووە و بە هاوکاریی گرووپە نەیارە نیمچە سەربازییەکان، جیاخوازەکان و پاشایەتیخوازەکان، خەریکی تێکدانی ئاسایش بووە لە ئێراندا."
دەشڵێت، "ئەم وڵاتە [ئەمریکا] بە بەکارهێنانی تۆڕە میدیاییەکانی، هەوڵی داوە هەستی نەتەوەیی و جیاخوازی بورووژێنێت و بە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارە تیرۆریستەکان، پڕۆژەی تێکدانی ئاسایشی وڵات [ئێران] ئەنجام بدات."
"کوژرانی رێبوار و منداڵ"
کۆنسووڵخانەی ئێران، "کوشتنی بە مەبەست" بە فێڵێکی دیکەی "دووژمن" وەسف دەکات و دەڵێت: "کوشتن لە نێوان خودی خەڵک لە شەقامەکاندا و تەنانەت لە نێوان ناڕەزایەتییەکاندا، فێڵێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکەی بخەنە ئەستۆی دەسەڵات و هێزە پارێزەرەکانی ئاسایش."
"هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە رێبواران یان ناڕەزایەتییەکان و تەنانەت منداڵان، بە چەکی گەرم و سارد لەلایەن دەست و پێوەندەکانی دووژمن و گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کوژران، ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی خەم و پەژارە لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی وڵاتدا،" ئەمەش بەپێی راگەیێندراوەکە.
"دانپێدانان بە کوشتن دا"
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دانپێدانانی دەستگیرکراوان و ئەو بەڵگە زۆرانەی لەبەردەستدان، "دەریدەخەن کە ئەم کەسانە بە مەبەستی کوشتنی خەڵکی ئاسایی، لە لایەن تۆڕە زایۆنییەکانەوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە و هێرشی چەکداری بۆ سەر خەڵک، دامەزراوە حکومییەکان، ئایینییەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وڵات [ئێران] لە کارنامەی خۆیاندا هەبووە."
دەشڵێت، "لەم نێوەندەدا ناکرێت رۆڵی بەرچاوی هەندێک لەو میدیایانەی سەر بە زایۆنییەکانن و بە بودجەی رۆژئاوا و ئیسرائیل کار دەکەن، پشتگوێ بخرێت لە ورووژاندنی خەڵک و چەواشەکردن دا."
"ئەم نیگەرانییە هەمیشە هەیە کە میدیا ناوخۆیی و ناوچەییەکانی دیکەش بکەونە ژێر کاریگەریی راپۆرت و شیکارییە چەواشەکارەکانی میدیاکانی سەر بە بێگانە و لە رێڕۆی دادپەروەری و ئازادی لابدەن و بەبێ ویستی خۆیان بیروڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن. پێویستە میدیا لەسەر رێبازی دادپەروەری کار بکەن و لە خەڵەتاندنی هەواڵیی دوژمنانی گەلانی ناوچەکە بێئاگا نەبن،" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە راگەیێندراوەکە.
خۆپێشاندانی ملیۆنی
کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر دەڵێت، "ئامادەبوونی ملیۆنیی گەلی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەتایبەت لە رۆژی 12ی کانوونی دووەم لە سەرانسەری شارەکانی ئێراندا، کە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە قەوارە و سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رێبەرەکەی هاتنە سەر شەقام، بە باشی ئەوەی نیشان دا کە زۆربەی هەرە زۆری گەلی ئێران سەرەڕای سەختی و کێشەکانی بژێوی، پاڵپشتی وڵات و رێبەرەکەی خۆیانن و، لە کاتی هەڵبژاردن لە نێوان کێشەی بژێوی و قەوارەی ئیسلامیی ئێراندا، هەمیشە لە پاراستنی وڵاتەکەیان، ئامانجە ئیسلامییەکان و فێرکارییەکانی قورئاندا لە مەیدانەکەدا ئامادەن."
داوایەک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر، مێژوو سەلماندوویەتی کە جەنگ و وێرانکاری یان چەواشەکاریی میدیایی، ناتوانرێت بەسەر ئیرادەی نەتەوەیەکی یەکگرتوو و تەبادا سەرکەوتوو بیت، "با لە یادمان بێت کە ئێرانی ئیسلامی پشت ئەستوور بە یارمەتی و سەرکەوتنی خودایی و پاڵپشتیی گەلە خۆڕاگرەکەی، ئینشائەڵڵا جارێکی دیکە لەم تاقیکردنەوەیەش بە سەربەرزی دێتە دەرەوە."
کۆنسووڵخانەکە، داوا لە هەموو حکومەت و گەلانی ناوچەکە، بەتایبەت خەڵکی شەریف و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان دەکات، کە خۆیان قوربانییەکی گەورەی "ئەنفال" بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە، هەروەها داوا لە میدیا دادپەروەر و ئازادەکانی ئەم ناوچەیە دەکات، "بە هۆشیاری و هاوخەمییەوە لە سەنگەری پاراستنی پەیوەندییە تووندوتۆڵ و قووڵەکان لەگەڵ ئێران، وەک دراوسێی گەورە و پاڵپشتی خۆیان، بەردەوام و جێگیر بمێننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ