رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری عەلی خامنەیی رایدەگەیێنێت، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل نەک هەر شکستیان بە ئیرادەی گەلی ئێران نەهێنا، بەڵکو ئەنجامێکی تەواو پێچەوانەیان لێکەوتووەتەوە و بوونەتە هۆی یەکگرتنی هەموو لایەنەکان بۆ پشتیوانیکردن لە هێزە چەکدارەکان، تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش.
عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە لێدوانێکدا گوتی، "تێگەیشتنی ورد لە دۆخەکە زۆر گرنگە. لە سەرەتادا زایۆنیستەکان پێیان وابوو بەهۆی بۆردوومانە سەرەتاییەکانەوە، لەنێو گەلی ئێراندا دووبەرەکی دروست دەبێت."
هەروەها راوێژکارەکەی خامنەیی ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی هەڵەی ئەمریکاش کرد و گوتی، "ئەوان پێیان وابوو بارودۆخی ناوخۆیی ئێران تێکدەچێت و گوشاری دەرەکی دەبێتە هۆی خۆبەدەستەوەدانی ئێران، بەڵام ئەنجامەکەی تەواو پێچەوانە بووەوە؛ هەموو لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش، پشتیوانییان لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد، چونکە بابەتی بەرگریکردن لە وڵات هاتبووە ئاراوە."
لاریجانی ئاماژەی بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکاش کرد و رایگەیاند، "ترەمپ دوو جار رووی قسەی لە خەڵکی ئێران کرد، بەڵام ئەو ئاگاداری رادەی رقی خەڵکی ئێران لە خۆی نەبوو، قسەکانی تەنیا بوونە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتی."
بە گوتەی لاریجانی، خۆڕاگریی خەڵک هاوکێشەکانی گۆڕیوە و گوتیشی، "خەڵکی ئێرانیش بە وریایی و ئارامگرییەوە، بەرگەی کێشەکانیان گرت و هاوکاریی هێزە چەکدارەکانیان کرد؛ ئەمە هاوکێشەکانی گۆڕی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ