رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت.
ئەحمەد ئیسماعیلزادە، بەڕێوەبەری نووسینگەی باشکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 لە سمینارێکدا لە تاران رایگەیاند، خواردنەکانی وەکو گۆشت، هێلکە، دانەوێڵە، سەوزە و میوە لەو وڵاتە زۆر کەمبووەتەوە و نیوەی خەڵکی وڵاتەکە خۆراکی پێویست بۆ جەستەی کەسێکی ئاسایی ناخۆن و رێژەی خواردنی گۆشت و شیرەمەنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
بە گوتەی ئیسماعیلزادە، خواردنی شیر و بەرهەمەکانی لەو وڵاتە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بۆ نیوە کەم بووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکانیان گەڕاندەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی باشکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران هەروەها رایگەیاند، بەپێی سەبەتەی خۆراکی دیاریکراو، هەر کەسێک رۆژانە دەبێت 90 گرام گۆشت بخوات، بەڵام ئێستا لە ئێران بە شێوەی مامناوەند هەر کەسێک نزیکەی 50 گرام گۆشت دەخوات لە رۆژدا.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنییەکان لەو وڵاتە بەرزترە لە نرخی پێداویستییەکانی دیکەی خەڵک و ساڵانە نرخی بەشێک لە خواردەمەنییەکان سەرووی 100% بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ