بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئێران بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابووریی خەڵک دەدەن

22-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دووەم دیبەیتی نێوان بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەچوو؛ دیبەیتەکە گۆڕەپانی بەریەککەوتن و دروشمدانی بەربژێرەکان بوو.
 
سەعید جەلیلی، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "ئەو دیبەیت و قسە و باسانەی دەکرێن، دەتوانن یارمەتیی خەڵک بدەن لە هەڵبژاردنێکی گەورە بۆئەوەی بتوانن بڕیاری دروست بدەن و باشترین کەس کە لە بەرژەوەندی وڵات، خۆیان و دەسەڵات بێت، هەڵبژێرن."
 
کێشە ئابوورییەکان مژاری سەرەکیی دیبەیتی دووەم بوون و هەموو بەربژێران بەڵێن دەدەن دۆخی ئابووریی خەڵک باشتر بکەن، بەتایبەت خەڵکی هەژار و کەمداهات.
 
عەلیڕەزا زاکانی، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "بەپێی زانیارییەکانی نێو ئەو چارتە، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری حکومەتی خزمەتەوە، دەتوانین ساڵانە 22 ملیۆن تمەن یارانەی وزە بە بەهای زێڕ بدەین بە هەموو کەسێک. بەوەش هەژاری لەنێودەچێت. ئەوانەی دۆخی ئابوورییان زۆر خراپە، دوو هێندە هاوکاری دەکرێن."
 
لە قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دروشمدان تێچووی زۆری نییە، بۆیە بەربژێرەکان هەوڵدەدەن زیاترین و گەورەترین دروشمەکان بدەن، وەکو دروشمی پێدانی زەوی بە کرێچییەکان؛ دروشمێک کە ئیبراهیم رەئیسیش دای و بۆی جێبەجێ نەبوو.
 
محەممەدباقر قالیباف، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "بەپێی پڕۆژەی رووپێویی خاک، لە 80%ی شارەکان و 100%ی گوندەکان توانای ئەوەمان هەیە پارچەیەکی زەویی نیشتەجێبوون بدەین بە هەموو ئەو کەسانەی خانوویان نییە و لەو رێگەیەوە گرنگی بە گەشەپێدانی شارەکانیش بدەین. هەروەها بەپێی یاسای گەنجکردنەوەی کۆمەڵگە و خێزان، دەتوانین یەکەی نیشتەجێبوونی بچووکی 75 مەتری بدەین بە هاوژینەکان لە سێ ساڵی سەرەتایی ژیانی هاوژینییاندا بێ ئەوەی کرێیان لێوەربگرین."
 
لەم دیبەیتەدا باسی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش کرا. بەربژێری ریفۆرمخوازان دەڵێت، بە دادپەروەری دەتوانن وا لە هەموو پێکهاتەکانی نێو ئێران بکەن هەست بە هاووڵاتیبوون بکەن.
 
مەسعود پزیشکییان، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە خەڵکی ئێمەن. بە بەلوچ و سوننە و خوزستانی و عەرەب و باکوورییەکان خەڵکی ئێمەن و دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری لێیان بڕوانین. وەکو موسڵمانێک باوەڕم بەوەیە و لە ژیانمدا هیچ شتێک نابیننەوە پێچەوانەی ئەوە بێت. هەموویان خەڵکی ئێمەن، بە چەپ و راست و مەزهەبییەوە. هەر کەسێک توانا و شارەزایی هەبێت کەڵکی لێوەردەگرین."
 
کەشی هەڵبژاردنی ئێران هێشتا ئەو گەرموگوڕییەی پێوە دیار نییە و ئەوە بە گرنگیدانی خەڵک بە دیبەیتەکانیشەوە دیارە. بەپێی راپرسییەکی ناوەندی حکومیی ئیسپا، 73%ی بەشداربووان رایانگەیاندووە، چاویان لە دیبەیتی یەکەم نەکردووە. تەنیا 42%یش رایانگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن. ئەگەر لە رۆژی هەڵبژاردندا رێژەی بەشداری لەو دەورووبەرە بێت، شانسی سەرکەوتنی بەربژێری ریفۆرمخوازان لاواز دەبێت.
 
ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لە کابینەی حەسەن رووحانی دەڵێت، "بۆ روودانی هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێران، دوو پێشمەرجی سەرەکی هەن. یەکەمیان زیادبوونی متمانەی خەڵک بە بڕیاردەر و بەڕێوەبەران و دووەمیان، هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و پەیوەندیی باشە لەگەڵ جیهان. زیاترین رۆڵ و بەش لەو پڕۆسەیەدا بەر کەسانێک دەکەوێت کە هێشتا دوودڵن و دەڵێن، لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن."
 
14یەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران 28ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت. لە یەک هەفتەی داهاتوودا، نەریتخوازان هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە دەبێت، لەسەر بەربژێرێک رێکبکەون و ریفۆرمخوازانیش هەوڵەکانیان لەسەر هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن چڕ دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە