گوتەبێژی حکومەتی ئێران: خەڵک پاڵپشتی لە رێبەری وڵات دەکەن

21-06-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، خەڵکی وڵاتەکە پاڵپشتیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر هەر زیانگەیاندنێک بە رێبەری وڵات، کاردانەوەی بەرفراوانیان دەبێت."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 21-06-2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "خەڵکی ناوچەکە کاردانەوەی بەرفراوانیان دەبێت، بەرامبەر هەر زیانێک کە بە رێبەری بگات."
 
مهاجرانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "گەلی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا، لەپشت رێبەری وڵات وەستاون."
 
پەیامەکەی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی ئێکسدا بە ئاشکرا هێڵی سووری بۆ ئێران دیاری کرد و نووسی، "ئێمە بە دروستی دەزانین ئەو کەسەی پێی دەگوترێت (رێبەری باڵا) لە کوێ خۆی حەشارداوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لەوێ سەلامەتە - ئێمە لەناوی نابەین (نایکوژین)، لانیکەم بۆ ئێستا نا."
 
هەروەها داوای "خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج"ی لە ئێران کردووە، بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکە بهێندرێت و دانوستاندنی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە