میدیای ئەمریکی: واشنتن پەیامی بە تاران داوە هێرشی دیکە ناکات و ئامانجی نییە حکومەتی ئێران بڕووخێنێت

22-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران؛ میدیای ئەمریکی دەڵێت، واشنتن پەیامی بە تاران داوە کە هێرشی دیکە ناکاتە سەر ئێران و پلانی نییە حکومەتەکەی بڕووخێنێت.
 
سەرچاوەیەک بە کەناڵی CBS Newsی ئەمریکی راگەیاندووە، "ئەمریکا رۆژی یەکشەممە، لە دەرچەی دیپلۆماسییەوە پەیوەندیی بە ئێرانەوە کردووە، بۆئەوەی پێی بڵێت هەموو پلانەکانی ئەمریکا تەنیا ئەم هێرشە ئاسمانییانە بوون و هەوڵدان بۆ گۆڕینی رژێم لە پلاندا نییە."
 
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک بەرپرس بە میدیای ئەمریکییان گوتبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی ئیسرائیلی بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتکردووەتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، هێرشەکە کاژێر 02:30ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بەکاتی تاران، لە رێگەی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2 بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەستیپێکرد.
 
فڕۆکەکان بۆمبی حەشارگەشکێنی GBU-57یان بەسەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بەردایەوە، کە سەختترین ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، لە قووڵایی 80 بۆ 90 مەتر لەژێر شاخەکانی شاری قوم.
 
هەروەها ژێردەریاییەکانی ئەمریکا لە سنوورە ئاوییەکانی کەنداوەوە، نزیکەی 30 مووشەکی تۆماهۆکیان لە بنکەکانی نەتەنەز و ئیسفەهان دا.
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، "ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و جیهان. پێویستە ئێستا ئێران رازیبێت بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە. سوپاس."
 
دوای ئەوە ترەمپ قسەی بۆ گەلی ئەمریکا کرد و گوتی، "دامەزراوە سەرەکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوی و یەکجاری لەنێوبران،" هەروەها هۆشداریی بە ئێران دا کە دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی رابگەیێنێت.
 
گوتیشی، "یان ئاشتی دەبێت، یانیش بۆ ئێران دەبێتە تراژیدیایەک کە زۆر گەورەتر دەبێت لەو شتەی لە 8 رۆژی رابردوودا بینیویەتی. لەبیرتان بێت، هێشتا زۆر ئامانج ماون. ئەگەر ئاشتی خێرا بەرقەرار نەبێت، ئەوا بە وردی، خێرایی و لێهاتووییەوە بەدوای ئەو ئامانجانە دەکەوین."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "ئێران هەموو بژارەیەکی لەبەردەستە بۆئەوەی بەرگری لە سەروەری، بەرژەوەندی و خەڵکەکەی بکات."
 
عێراقچی دەڵێت، ئەمریکا بەو هێرشە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری لە دژی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد."
 
ئێران پێشتر بەڵێنی دابوو کە ئەگەر ئەمریکا بچێتە نێو جەنگەکەوە کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد، ئەوا تۆڵە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.
 
بەڵام ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیدا هۆشداریی پێ دا و گوتی، "هەر تۆڵەکردنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە لە دژی ئەمریکا بکرێت، بە هێزێک وەڵامی دەدرێتەوە کە زۆر گەورەتر دەبێت لەو شتەی ئەمشەو بیندرا."
 
حەسەن ئابێدینی، جێگری بەڕێوەبەری تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت، پێش ئەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان بکرێن، یۆرانیۆمەکەیان بۆ شوێنێکی دیکە گوێزرابووەوە.
 
بەرپرسەکە بە تەلەڤیزیۆنەکەی گوت، "یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو سێ ناوەندە ئەتۆمییە گوێزراوەتە دەرەوە و هیچ مادەیەک لەوێ نەماوە کە لە ئەگەری بەئامانجکردنیدا ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی، یان زیان بە هاووڵاتییانمان بگەیێنێت."
 
هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دوو رۆژ پێش هێرشەکان، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بردووەتە دەرەوە.
 
راپۆرتەکە ژمارەیەک وێنەی دەخاتەڕوو کە لە لایەن مانگی دەستکردەوە گیراون و پێشانیدەدەن، "جموجوڵی نائاسایی ژمارەیەک بارهەڵگر" لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ هەبووە.
 
19ی حوزەیران، 16 بارهەڵگر لەسەر ئەو رێگەیە بینراون کە بەرەو توونێلی ژێرزەویی بنکە ئەتۆمییەکە دەڕۆن.
 
وێنەکان نیشانیدەدەن کە رۆژێک دوای ئەوە، بارهەڵگرەکان بنکە ئەتۆمییەکەیان جێهشتووە و بەرەو باکووری رۆژئاوا رۆیشتوون.
 
هەروەها ژمارەیەک بارهەڵگر و بلدۆزەری دیکە لە بەردەم دەرچەی توونێلەکە راگیرابوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە