بەرپرسێکی ئێرانی: پێش ئەوەی سێ بنکە ئەتۆمییەکە بۆردوومان بکرێن، لە یۆرانیۆم چۆڵ کرابوون

22-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت، پێش ئەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان بکرێن، یۆرانیۆمەکەیان بۆ شوێنێکی دیکە گوێزرابووەوە.
 
حەسەن ئابێدینی، جێگری بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت، "یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو سێ ناوەندە ئەتۆمییە گوێزراوەتە دەرەوە و هیچ مادەیەک لەوێ نەماوە کە لە ئەگەری بەئامانجکردنیدا ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی یان زیان بە هاووڵاتییانمان بگەیێنێت."
 
هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دوو رۆژ پێش هێرشەکان، ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بردووەتە دەرەوە.
 
راپۆرتەکە ژمارەیەک وێنە دەخاتەڕوو کە لەلایەن مانگی دەستکردەوە گیراون و پێشانیدەدەن، "جموجۆڵی نائاسایی ژمارەیەک بارهەڵگر" لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ هەبووە.
 
19ی حوزەیران، 16 بارهەڵگر لەسەر ئەو رێگەیە بینراون، کە بەرەو توونێلی ژێرزەویی بنکە ئەتۆمییەکە دەڕوات. 
 
وێنەکان نیشانیدەدەن کە رۆژێک دوای ئەوە، بارهەڵگرەکان بنکە ئەتۆمییەکەیان جێهشتووە و بەرەو باکووری رۆژئاوا رۆیشتوون. 
 
هەروەها ژمارەیەک بارهەڵگر و بلدۆزەری دیکە لە بەردەم دەرچەی تونێلەکە راگیرابوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە