رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ "سزادانی ئیسرائیل" لەسەر "دەستدرێژییەکەی"، تاوەکو دوا خولەک، کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی، بەردەوام بوو.
عێراقچی لە تویتێکدا سوپاسی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "تادوا دڵۆپی خوێنیان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان" و تاوەکو دوا خولەک وەڵامی هەر هێرشێکی دووژمنیان داوەتەوە.
ئەم تویتەی عێراقچی دوای ئەو وادەیە دێت کە خۆی لە تویتێکی پێشووتردا دیاریکردبوو، کاتێک رایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل تاوەکو کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی هێرشەکانی رانەگرێت، ئەوا ئێران لە وەڵامدانەوە بەردەوام دەبێت.
لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران ناکۆکییەکی روون لەگەڵ راگەیاندنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروست دەکات کە باسی لە "رێککەوتنێکی گشتگیر و تەواو" بۆ ئاگربەست کردبوو. لە کاتێکدا ئێران رێککەوتنی رەتکردووەتەوە و تەنیا مەرجی تاکلایەنەی بۆ راگرتنی هێرشەکانی داناوە.
ئەم پێشهاتە دوای 12 رۆژ لە گرژیی سەربازی دێت کە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکرد و دواتر بە هێرشی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل تووندتر بوو. چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاماژەیان بە نێوەندگیریی قەتەر کردبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ